Accessibility links

تەرمی بارمتێکی دیکەی ئیسرائیلی گەڕێنرایەوە بۆ ئەو وڵاتە


سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، تەرمی بارمتێکی ئەو وڵاتە کە لەلایەن چەکدارانی جیهادی ئیسلامییەوە کوژرا لە خان یونس گەڕاندراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

بەیاننامە هاوبەشەکەی سوپا و شین بێت ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی پزیشکی دادوەری ناسنامەی کاک کاتزیریان پشتڕاستکردەوە، بنەماڵەکەی ئاگادارکرانەوە.

ئیلاد کاتزیر لە کاتی هێرشەکەی حەماس لە 7ی مانگی دە لەلایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە لە کیبوتز ڕفێندرابوو.

دوای نزیکەی شەش مانگ لە جەنگەکە، ئیسڕائیل لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکان بووەتەوە و خەڵکەکەی داوا دەکەن ڕێککەوتنێک بکات بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە گیراون. وڵاتانی ڕۆژئاواش لە هەمان کاتدا توڕەیی و بێزاری خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی و قەیرانە مرۆییەکان لە غەززەدا.

سوپای ئیسڕائیل وتی لاشەی ئیلاد کاتزیری تەمەن 47 ساڵ کە جووتیارێکی ئیسڕائیلی بووە، شەوی ڕابردوو لە خان یونسی باشووری غەززە دۆزراوەتەوە. وتیشی لەلایەن چەکدارانی جیهادی ئیسلامییەوە کوژراوە و لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا لەوێ نێژراوە. سوپای ئیسڕائیل ئەم زانیارییانەی لە دەزگا هەواڵگرییەکانەوە وەرگرتووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

گروپی جیهادی ئیسلامی کە هاوپەیمانی حەماسە، لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

کاتزیر لە نێو ئەو 253 کەسەدا بوو کە چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل گرتنی و ڕایکێشان بۆ ناو غەززە، بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل لەو هێرشەدا 1200 کەس کوژراون. هێرشەکەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 33,000 فەلەستینی.

باوکی کاتزیر لە هێرشەکەدا لە کۆمەڵگەی نیر ئۆز کوژرا و دایکیشی بە بارمتە گیرا، بەڵام لە مانگی یانزەدا دایکی بەپێی ئاگربەستێک ئازادکرا.

نێوەندگرە قەتەڕی و میسڕییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بگەن بە ڕێککەوتنێکی دیکە لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئازادکردنی هەندێک لەو 129 بارمتەیەی کە هێشتا لە ژێر دەستی حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی فەلەستینییەکاندا ماونەتەوە، ئەمەش لە ڕێی ئاگربەستێکی ماوە درێژترەوە.

ڕۆژی شەممە وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی لە ماوەی شەش مانگی جەنگەکەدا ئەمە یەکەمین ڕۆژە کەمترین ژمارەی کوژراو هەبووبێت، وتی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا 46 فەلەستینیی بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی غەززە جیاوازی ناکات لە نێوان چەکداران و هاووڵاتییانی سڤیلدا لە ڕاپۆرتەکانیدا سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ناوخۆ دەڵێن زۆربەی کوژراوەکان هاووڵاتی سڤیل بوون. ئیسڕائیل دەڵێت لانیکەم سێیەکی کوژراوەکان چەکدار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG