Accessibility links

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانیدا فەرماندەیەکی حزبوڵا کوژراوە


ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری لوبنان ئەنجام داوە و فەرماندەیەکی حزبوڵا کە چەندین هێرشی دژی باکووری ئیسڕائیل ئەنجام داوە کوژراوە.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی فەرماندەکە ناوی عەلی ئەحمەد حاسین بووە و سەر بە هێزی ڕەزوانی حزبوڵا بووە.

لەلای خۆشییەوە حزبوڵا مەرگی یەکێک لە چەکدارەکانی بە هەمان ناوەوە ڕاگەیاند، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر مردنەکەی.

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتییان هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەسی دیکە.

لە ماوەی جەنگە شەش مانگییەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا لە غەززە ڕۆژانە ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەی خان یونسی باشووری غەززە، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە ڕۆکێتییەکان.

بەرپرسانی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە کشانەوەی هێزەکانییان لە خان یونس ڕاگەیاند.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی هێزەکانی " ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەرکەکانی دواترییان." یەکێک لە ئەرکەکانیش لە ناوچەی ڕەفەح دەبێت.

جەنگەکەی ناو غەززە وایکردووە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە ڕووبکەنە ڕەفەحی باشووری غەززە کە سنووری بە میسڕەوەیە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا هۆشدارییان داوە لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی ئەگەر ئیسڕائیل هێرشێکی گەورەی زەمینی لە ڕەفەح دەستپێبکات.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە وتی ئیسڕائیل نزیکە لە بە دەستهێنانی ئامانجەکانیدا بۆ لە ناوبردنی گروپی تیرۆریستی حەماس.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG