Accessibility links

حەماس سەرکۆنەی ئیسڕائیل دەکات سەبارەت بەو وێنانەی تێیاندا فەلەستینییە زیندانیکراوەکان بە جلی ژێرەوە پیشان دەدرێن


بەرپرسێکی باڵای حەماس هێزەکانی ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوانێکی قێزەونی دژی هاووڵاتییانی بێتاوان "، ئەوەش دوای ئەوەی وێنەی پیاوە زیندانییە فەلەستینییەکان بە جلی ژێرەوە لە غەززە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

عیزەت ئەل ڕەشیق ئەندامێکی باڵای حەماس کە نیشتەجێی دەرەوەی غەززەیە، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤی کرد دەستوەربدەنە بابەتەکەوە تاوەکو دەریبخەن چی بەسەر ئەو پیاوانەدا هاتووە و یارمەتیدەر بن لە ئازادکردنییاندا.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتی نیگەرانە سەبارەت بە وێنەکان و ئاماژەی بەوەداوە دەبێت سەرجەم زیندانییەکان بە شێوازێکی مرۆیی و بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە حەماس دەکات، بە هەمان شێوە ڕەخنەی لە ئیسڕائیل گرت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " مامەڵەکردنی دڕندانەی لەگەڵ زیندانییان و سڤیلەکاندا."

ڕۆژی پێنجشەممە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئیسڕائیل ڤیدیۆیەکی پیشاندا کە ڕۆیتەرز پشتڕاستی کردووەتەوە، تێیدا دەڵێت ئەوانە چەکداری دەستگیرکراوی حەماسن، تەنها جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و سەریان داخستووە و لە شەقامێکی شاری غەززە ڕیز کراون.

وتەبێژی حکومەتی ئیسڕائیل ئیلۆن لێڤی کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە وێنەکان وتی " ئێمە باس لەو کەسانە دەکەین کە لە جەبەلیە و شجایا ' لە شاری غەززە ' و شوێنەکانی حەماس و ناوەندەکانییان دەستگیرکراون."

وتی " ئێمە باس لە پیاوانی تەمەنی سەربازیی دەکەین لەو ناوچانەدا دۆزراونەتەوە کە دەبوو چەند هەفتەیەک لەوەوپێش هاووڵاتییانی سڤیل چۆڵییان بکردایە."

سوپای ئیسڕائیل پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر شوێنێک هاووڵاتییانی ئاگادار کردووەتەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن.

لە یەکێک لە وێنەکاندا زیاتر لە 20 پیاو دەردەکەون لەسەر ئەژنۆ لەسەر شەقامێک یاخود شۆستەیەک داندراون، سەربازانی ئیسڕائیلیش لەوێدان و دەیان پێڵاو و شتی دیکە لەسەر شەقامەکە کەوتوون. ژمارەیەکی دیکەش خراونەتە ناو بارهەڵگرێکەوە لەو نزیکانە.

هەندێک لە فەلەستینییەکان دەڵێن کەسوکاری خۆیان لەو وێنانەدا ناسیوەتەوە و ڕەتییان کردەوە پەیوەندییان بە حەماس یاخود هەر گروپێکی دیکەوە هەبووبێت.

ڕەشیق، بەرپرسەکەی حەماس وتی دەستبەسەرکراوەکان لە قوتابخانەیەک لە غەززە دەستگیرکراون، ئەو قوتابخانەیە وەکو پەناگەیەک بەکارهێندراوە و گوتیشی حەماس هێزەکانی ئیسڕائیل بە بەرپرس دادەنێت لە ژیان و پارێزراویی پیاوە دەستبەسەرکراوەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG