Accessibility links

دوای گفتوگۆکان لەسەر بارمتەکان، ئیسڕائیل بۆردومانەکانی سەر غەززە چڕتر دەکاتەوە

فەلەستینییەکان دەڵێن شەوی ڕابردوو ئیسڕائیل بۆردومانەکانی سەر غەززەی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم 40 کەس کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی تەنها ڕێگە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنی بارمتەکان فشاری سەربازیی زیاترە بۆ سەر حەماس.

دانیشتوان و چەکدارانی گروپە فەلەستینییەکان دەڵێن هێرشەکانی ئیسڕائیل لە نێوەندی شەڕێکی سەختتدا بوون بە درێژایی کەناری کەرتی غەززە، هاوکات ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژە لە نەمانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئەوەش گەیشتنی بە بریندارەکانی قورستتر کردووە. مانگی سووری فەلەستینییەکانیش دەڵێت لە دەستپێکردنی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا هیچ کات بەم شێوەیە نەمانی هێڵەکانی پەیوەندی درێژەی نەکێشاوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی ڕۆژی هەینی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسڕائیل لەگەڵ سەرۆک وەزیری قەتەڕدا کۆبووەتەوە، قەتەڕ پێشتر نێوەندگری لە ئازادکردنی بارمتەکاندا کرد لە ماوەی ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژەییدا کرد کە تێیدا زیندانییانی فەلەستینیش لە زیندانەکانی ئیسڕائیل ئازاد کران.

بەڵام چەکدارانی حەماس وتوویانە گفتوگۆ لەسەر ئازادکردنی هیچ بارمتەیەکی دیکە ناکەن لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە.

لە کاتێکدا کە گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا هیچ سوودێکییان نەبووە، توندوتیژییەکان زیاتر بوون.

ڕادیۆی ئەقسای حەماس لە زاری بەڕێوبەری وەزارەتی تەندروستی غەززەوە بڵاویکردەوە موشەکەکانی ئیسڕائیل لە ماڵێکییان داوە کە ماڵی خێزانی شیهاب بووە و لە ئەنجامدا 24 کەس کوژراون و دەیانی دیکە لە کامپی پەنابەرانی جەبەلیەی باکووری غەززە بریندار بوون.

لە دەیر لە ئەل بەلەش کە دەکەوێتە ناوەڕاستی غەززەوە، تیمەکانی تەندروستی وتییان 12 فەلەستینی کوژراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، هاوکات لە ڕەفەحی باشووریش وتییان بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لانیکەم چوار کەس کوژراون.

ئیسڕائیل وتی " دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان کاری کردووە."

چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن چەکدارانی حەماس لەو هێرشەیاندا نزیکەی 1200 کەسییان کوشتووە و نزیکەی 240 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرتووە. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکانیش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە تاوەکو ئیستا نزیکەی 19,000 کەس کوژراون و هەزاران کەسیش لە ژێر داروپەردبوونی بیناکاندا نێژراون.

ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە زەمینییەکەیانەوە بۆ سەر غەززە تاوەکو ئێستا 121 سەرباز کوژراون.

نەتانیاهو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەکەیدا نامەیەکی خوێندەوە کە وتی لەلایەن کەسوکاری سەربازە مردووەکانەوە نوسراوە. لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت " ناچاریت شەڕ بکەیت. ناچار نیت لە ناوەڕاستدا بوەستیت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG