ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تونێلێک پیشان دەدات و دەڵێت لەلایەن چەکدارە فەلەستینییەکانەوە لە ژێر نەخۆشخانەی شیفای کەرتی غەززەدا دروست کراوە.
حەماس لە کاتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە تۆڕێکی سەدان کیلۆمەتری لە تونێلی نهێنی و ژێرزەمین و شەفتی هەیە لە غەززەدا، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە ئەو تونێلانە لە ژێرخانە سڤیلەکانی وەکو نەخۆشخانەکاندا بن.
لە زانیارییەکی نوێدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان لە شیفا، سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند ئەندازیارەکانی تونێلێکی 10 مەتر قووڵییان ئاشکرا کردووە و 55 مەتر درێژە و دەرگایەکی دژە تەقینەوەی هەیە.
لەگەڵ ڤیدیۆکەدا کە ڕێڕەوێکی تەسک پیشان دەدات و سەقفەکەشی کەوانەییە و کۆنکریتە و کۆتاییەکەشی دەرگایەکی ڕەساسییە، سوپای ئیسڕائیل وتی " ئەم جۆرە دەرگایانە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماسەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل بۆ ناوەندەکانی سەرکردایەتی و سەرمایەکانی ژێرزەوی حەماس."
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی ڕۆژی یەکشەممە لانیکەم 31 کۆرپەلەی نەخۆشی پێنەگەیشتوو لە نەخۆشخانەی شیفا هێنراونەتە دەرەوە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە میسڕ.
هەروەها کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە وتی تاوەکو ئێستا کوژرانی 48 ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی ڕاگەیاندنەکان لەو ناوچەیەدا لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل پشتڕاست کراونەتەوە.
سوپای ئیسڕائیل وتیشی پێنج سەربازیی دیکەی لە شەڕەکەی ناو کەرتی غەززەدا کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوان لە نێو هێزەکانی ئیسڕائیلدا بەرزبووەوە بۆ 64 سەرباز.
وتیشی سەرجەم پێنج سەربازەکە لە باکووری غەززە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئیسڕائیل بۆ ئەمەریکا مایکڵ هێرزۆگ بە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سی وت ئیسڕائیل " هیوادارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر لەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد بکات." وتیشی ڕەنگە وەستانێکی کورتیش بکرێت لە شەڕەکەدا کە ئەگەری هەیە پێنج ڕۆژ بخایەنێت.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا دەڵێن نزیکەی 50 بارمتە لەو 240 کەسەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، بە دیاریکراوی ژن و منداڵان، دەکرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسڕائیل، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا چەند دیلی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە زیندانیکراون ئازاد دەکرێن.
هێرزۆگ ڕەتی کردەوە ئەو وەستانە کورتە بە ئاگربەست ناوببات و وتی ئیسڕائیل پلانی هەیە دوای کۆتایی هاتنی وەستانەکە دەست بکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر حەماس.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا