Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت ژێرخانی سەربازیی حەماسی لە باکووری غەززە لە ناوبردووە


سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا شەڕە گەورەکەی لە باکووری غەززە تەواو کردووە، دەڵێت ژێرخانی سەربازیی حەماسی لە باکووری غەززە لە ناوبردووە، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی لە دژی حەماس پێی نایە مانگی چوارهەمەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی هێزەکانی ئیسڕائیل سەنگییان خستووەتە سەر ناوەڕاست و باشووری غەززە و بەرگرییەکانییان بە درێژایی سنووری نێوان ئیسڕائیل و غەززە پتەوتر دەکەن.

ڕاگەیاندنەکە پێش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دێت بۆ ئیسڕائیل، کە ڕۆژی شەممە سەردانی قەتەڕی کرد. قەتەڕ نێوەندگری سەرەکییە لە جەنگەکەی ناو غەززەدا. بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوایان لە ئیسڕائیل کردووە هێرشە زەمینییە گەورەکەی لە غەززە کەم بکاتەوە و سەنگ بخاتە سەر هێرشی ورد بۆ سەر ڕابەرانی حەماس.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئیسڕائیل هێرشە سەربازییەکەی لە باکووری غەززە کەمکردەوە و سەنگی هێرشەکانی خستەسەر باشووری غەززە، زۆربەی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە هەڵاتوون بۆ باشوور و قەیرانێکی مرۆیی دروست بووە و بەردەوام بۆردومانی ئیسڕائیلی لەسەرە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو سوورە لەسەر ئەوەی جەنگەکە تەواو نابێت هەتاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەچێت و سەرجەم بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد دەکرێن و دڵنیا دەبنەوە لەوەی جارێکی دیکە غەززە مەترسی نابێت لەسەر ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG