Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای حەماس لە لوبنان لە هێرشێکی ئیسڕائیل ڕزگاری دەبێت


سەرچاوە ئاسایشییەکانی فەلەستینییەکان و لوبنان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان ڕاگەیاندووە ئەفسەرێکی باڵای حەماس ڕۆژی شەممە لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا بە ئامانجی کوشتنی لە لوبنان ڕزگاری بووە، بەرپرسانیش دەڵێن دوو کەس لەو هێرشەدا کە کرایە سەر باشووری بەیروت کوژراون.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا، هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی حەماس نزیکەی ڕۆژانە لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

بەڵام توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنتڕۆڵ کراون و تەنها لە ناوچە سنوورییەکەدان، هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی شەممە دووەمین هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل بوو کە ئامانجەکەی دوورتر بوو لە ناوچە سنوورییەکەوە.

دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی هێرشەکەی ئیسڕائیل کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا لە ئوتومبێلێکی داوە لە شارۆچکەی جەدرا، نزیکەی 40 کم دوور لە سنوورەکەوە.

سەرچاوە فەلەستینییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هۆکاری ئاسایشییەوە، وتی هێرشە ئاسمانییەکە "هەوڵێکی شکستخواردووی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بووە."

بەرپرسێکی ئاسایشی لوبنان کە ئەویش نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئامانجی هێرشەکە باسیل ساڵح بووە، باسیل ئەفسەری دامەزراندنی چەکدارە بۆ حەماسی فەلەستینییەکان.

بەرپرسەکە وتی ماوەیەکی کورت دوای هێرشەکەی سەر ئوتومبێلەکەی ساڵح، فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیل لە هەمان شوێنی داوەتەوە، دوو کەسی کوشتووە.

حیزبوڵاش وتی یەکێک لە ئەندامەکانی کوژراوە.

بەرپرسە لوبنانییەکە وتی " ساڵح ڕزگاری بوو بەڵام پشتی سوتاوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."

بەرپرسەکە وتیشی ساڵح " بەرپرسە لە یەکەیەکی دامەزراندن لە کەناری ڕۆژئاوا."

ڕۆژی شەممە دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی ئیسڕائیل چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر گوندەکانی باشووری لوبنان، حیزبوڵاش بانگەشەی ئەوەی کرد هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئیسڕائیل بە درێژایی سنوورەکەی نێوانییان.

حیزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەستی بەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سکایلارکی ئیسڕائیلیدا گرتووە."

بەپێی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، بەهۆی ئەم هێرشانەی نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵای لوبنانەوە لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، لانیکەم 229 کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵا بوون، بەڵام 27 هاووڵاتی سڤیلیش کوژراون.

هەر لەو ماوەیەدا بەپێی سوپای ئیسڕائیل نۆ سەربازیی ئیسڕائیلی و شەش هاووڵاتی سڤیل لە ئیسڕائیل کوژراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG