Accessibility links

بەرپرسێکی فەڵەستینی: ئیسڕائیل و حەماس لەڕێی نێوەندگیریی میسڕەوە ڕێکدەکەون لەسەر ئاگربەست


بەرپرسێکی باڵای فەڵەستین بە ڕۆیتەرزی وت ئیسڕائیل و حەماس ڕێکەوتوون لەسەر وەستاندنی شەڕ و میسڕیش ڕۆڵی نێوەندگیری بینیوە تیایدا.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە ئاماژەی بەوەدا ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 22:00 بە کاتی ناوخۆی فەڵەستین دەست پێدەکات و میسڕ ڕۆڵی نێوەندگیری تێدا بینیوە.

بەرپرسەکە وتی " حەماس و ئیسڕائیل گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ لەڕێی نێوەندگیری میسڕییەوە، کاتژمێر یانزە دەست پێدەکات."

هەروەها کەناڵی حەماس ئاماژەی بەوەدا گەیشتوون بە ڕێکەوتنی ئاگربەست.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕادیۆی حەماس بڵاویکردەوە ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و ئۆفیسی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنیەی کردۆتە ئامانج لە کەرتی غەززە. ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێکی موشەکییەوە بۆ سەر شوێنێک لە نزیک تەل ئەڤیڤ 7 کەس برینداربوون.

هەنییە لە کاتی هێرشەکەدا لە ئۆفیسەکەیدا نەبووە چونکە کاتێک حەماس پێشبینی هێرشی ئیسڕائیل دەکات هەموو بیناکان چۆڵ دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG