Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت دوو هاوڵاتی لە غەززەیە و یەکێـکیان لە لایەن حەماسەوە دەسـتگیرکراوە


وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت دوو هاوڵاتی وڵاتەکەی کە یەکێـکیان عەرەبە و ئەوی دیکەیان بە ڕەچەڵەک ئەسیوپـیـیە، چەند مانگێـکە لە کەرتی غەززە بێ سەروشوێن بوون.

وەزارەتەکە ڕۆژی پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند بزوتنەوەی حەماس لەوەتای مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو ئەفراهام مینگستۆی تەمەن 28 سـاڵی لە غەززە دەسـتگیرکردووە و ئێسـتا ژیانی لە مەترسیدایە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل دەڵێن ئەفراهام مینگستۆ خەڵکی شاری ئەشکەلۆن و بە پـیادە سنووری نێوان ئیسرائیل و غەززەی بەزاندووە. دەشڵێن کاتی خۆی لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێری بەدیکراوە و لەشکری لێ ئاگادارکرابووەوە، بەڵام ئەو دەمەی هێزێـکی لەشکری گەیشتە شوێنەکە، ناوبراو گەیشتبووە دیوی فەڵەسـتینیـیەکانەوە. پاشان تەقەیان لێ نەکردووە، چونکە چەکی پـێ نەبووە.

حەماس لای خۆیەوە ڕەتی دەکاتەوە ئەفراهامی دەسـتگیرکردبێت.

هەروەها دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن هاوڵاتیـیەکی عەرەبی ئیسرائیلیش نزیکەی سێ مانگە بۆ ناو غەززە پەڕیوەتەوە و لەو کاتەوە پەیوەندی پـێوە بڕاوە. دەشڵێن چارەنووسی نازانن. ڕۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە ئەم عەرەبە خەڵکی ناوچەی حۆرەی نەقەبە و لە بارودۆخێکی تەم و مژاویدا چووەتە ناو غەززە.

موشێ یەعالۆن وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەرپـرسیارێـتی پاراستنی گیانی ئەو ئیسرائیلیـیانەی خستە ئەستۆی حەماسەوە و گوتی وڵاتەکەی هەرچی لە توانایدا هەبێت دەیکات بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیـیەکانی بە سەلامەتی.

XS
SM
MD
LG