سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی کردە سەر سەرانسەری کەرتی غەززە و چەکدارانی حزبوڵای لوبنان لە باشووری لوبنان.
دانیشتوان باسیش لە ئۆپەراسیۆنی تانکەکانی ئیسڕائیل دەکەن لە شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززەدا، کە لەوێ سوپای ئیسڕائیل وتی چالاکی دژە تیرۆرییان ئەنجام داوە.
لە باشووری کەرتی غەززەدا هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتییان زیاتر لە 30 چەکدارییان کوشتووە.
ئەم توندوتیژییە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت خۆپیشاندەرە ئیسڕائیلییەکان ڕێگا سەرەکییەکانییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داخست و داوای ئاگربەستییان کرد و داواشییان کرد سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەست لە کاربکێشێتەوە.
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 6:29 خولەکی بەیانی دەستییان پێکرد، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ساتەی کە چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا یەکەمین هێرشی موشەکییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و هێرشەکانیش بوونە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بە بارمتە گیرانی نزیکەی 250 کەسی دیکە.
خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانییان داخست و لە دەرەوەی ماڵەکانی ئەندامانی پەرلەمانی ئیسڕائیل ناڕەزاییان دەربڕی، لە نزیک سنووری غەززەش، خۆپیشاندەرە ئیسڕائیلییەکان 1500 باڵۆنی ڕەش و زەردییان هەڵدا، ئەوەش وەکو هێمایەک بۆ ئەوانەی کە لە هێرشەکەی حەماسدا کوژران و ڕفێندران.
هێرشەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە و وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل بە هێرشی ئاسمانی و وشکانی، بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 38,000 فەلەستینی کوژراون. ئیسڕائیل دەڵێت پێی وایە حەماس هێشتا 116 بارمتەی لەلابێت، بەو 42 کەسەشەوە کە سوپا دەڵێت مردوون.
ئیسڕائیل و حەماس ئێستا ڕەنگە لە ئاگربەستێک نزیک بووبێتنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس دەستبەرداری مەرجێکی سەرەکی خۆی بوو بۆ هەر ئاگربەستێک، مەرجەکەشی کۆتایی هێنان بوو بە جەنگەکە، بەڵام هەردوولا وتوویانە کە هێشتا بۆشاییەکی گەورە ماوەتەوە.
بۆ ماوەی چەندین هەفتە گفتوگۆکان بۆ وەستاندنی شەڕەکە چەقییان بەست، بەڵام ڕۆژی شەممە دوو بەرپرسی حەماس وتییان حەماس چاوەڕێی وەڵامی ئیسڕائیل دەکات بۆ پێشنیاری ئاگربەستەکە، ئەوەش پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی بەشێکی گرنگی پلانەکەی ئەمەریکای پەسەند کرد کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە جەنگەکە.
لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پلانێکی ئاگربەستی سێ قۆناغیی بۆ جەنگەکەی ناو غەززە خستەڕوو، قەتەڕ و میسڕیش نێوەندگرییان کردووە. ئامانج لە پلانەکە کۆتایی هێنانە بە جەنگەکە و ئازادکردنی نزیکەی 120 بارمتەی ئیسڕائیلییە کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە گیراون.
بەرپرسێکی دیکەی فەلەستینییەکان کە نزیکە لە گفتوگۆکانی ئاگربەستەوە، وتی ئیسڕائیل لەگەڵ قەتەڕییەکاندا لە گفتوگۆدایە.
بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت " ئەوان ' قەتەڕییەکان ' تاوتوێی وەڵامەکەی حەماسییان لەگەڵ ئیسڕائیلییەکاندا کردووە و بەڵێنییان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی ئیسڕائیلییەکانییان بدەنێ."
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتوویەتی کە گفتوگۆکان لەم هەفتەیەدا بەردەوام دەبن بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراویی نەدا.
سەرچاوەیەکی حەماس ڕۆژی شەممە بە ڕۆیتەرزی وت حەماس ئەمجارە مەرجێکی سەرەکی خۆی بۆ ئاگربەست لابردووە، کە ئەویش ئاگربەستێکی هەمیشەییە. لە جیاتی ئەوە، وتوویەتی لە ماوەی شەش هەفتە ئاگربەستەکەی قۆناغی یەکەمدا ڕێگە بە گفتوگۆکان دەدات بۆ بە دەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
پلانەکەی بایدن داوای ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی " تەواو " دەکات و لەو ماوەیەشدا بارمتە بەساڵاچوو و نەخۆش و ژنەکان ئازاد بکرێن و لە بەرامبەریشدا سەدان زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. لە ماوەی ئەو 42 کاتژمێرەدا، هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتوان لە غەززە دەکشێنەوە و ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدەن بۆ ناوچەکانی خۆیان لە باکووری غەززە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس لەم هەفتەیەدا سەردانی قەتەڕ دەکات بۆ گفتوگۆکردن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا