شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسڕائیل زیادیکرد و بەهۆیەوە 35 فەڵەستینی لە غەزە و 5 ئیسڕائیلی کوژران.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردە سەر غەزە و هاوکاتیش بزوتنەوەی حەماس و گروپە چەکدارییە فەڵەستینیەکانی دیکە ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی تەل ئەڤیڤ و بئیر سەبع کرد.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی گروپە چەکدارییەکانی غەزە " باجێکی گەورە دەدەن " دوای هاویشتنی موشەک لە غەزەوە بەرەو ئیسڕائیل.
نەتانیاهو بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە لە هەڵمەتێکی گەورەداین، حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستیانپێکرد، باجێکی گەورە دەدەن لەسەر دوژمنکارییەکانیان."
ئیسڕائیل وتی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە هەواڵگرییەکانی حەماسییان کردۆتە ئامانج و بۆردومانی شوێنەکانی هەڵدانی موشەک و بنکەکانی حەماس و ماڵی سەرکردەکانی بزوتنەوەکەیان کردووە.
لەدوای شەڕەکەی ساڵی 2014 ەوە لە غەزە، ئەمە توندترین شەڕ و پێکدادانی نێوان حەماس و ئیسڕائیلە، بەهۆی ئەوەشەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانن لەوەی ڕەوشەکە لە جڵەو دەربچێت.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆر وینسلاند وتی " بەزووترین کات شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرن، ئێمە ڕەوشەکە بەرەو جەنگێکی بەرفراوان دەبەین. پێویستە لەسەر ڕابەرانی سەرجەم لایەنەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و گرژییەکان ڕابگرن."
لەلایەکی دیکەوە دیبلۆماتکاران وتیان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەنیازە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام بدات و تیایدا تاوتوێی ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییەکانی کەرتی غەزە دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز