ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە، 25ی مانگی یەک بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ئاگاداری بابەتەکەن، ىلاویکردووەتەوە حەماس لە ماوەی جەنگەکەی غەززەدا 10,000 بۆ 15,000 چەکداری نوێی وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەداوە حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت ڕەنگە هێشتا مەترسی بێت بۆ سەر ئیسڕائیل.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە حەماس ژمارەیەکی هاوشێوە لە چەکدارەکانی لە ماوەی جەنگەکەدا کوژراون.
حەماس و ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ئاگربەستێکییان دەستپێکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕە 15 مانگییەکەی ناو غەززە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی غەززە و گڕگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرچاوەکان وتییان حەماس سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەندامانی نوێ بە کرێ بگرێت، زۆرێکییان گەنجن و مەشقییان نەکردووە و بۆ مەبەستی سادەی ئاسایشیی بەکاردەهێندرێن.
لە 14 ی مانگی یەکدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا باوەڕی وایە حەماس هێندەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە شەڕەکەدا لە دەستیداون چەکداری دیکەی بە کرێ گرتووە.
بلینکن وردەکاری زیاتری نەدا بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 20,000 چەکداری حەماس لە جەنگەکەدا کوژراون.
بلینکن وتی " هەر جارێک ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەواو دەکات و دەکشێتەوە، چەکدارانی حەماس خۆیان ڕێکدەخەنەوە و سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە هیچ شتێکی دیکە نیە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن."
لە مانگی حەوتدا وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس ئەبو عوبەیدە وتی حەماس توانیویەتی هەزاران چەکداری نوێ بە کرێ بگرێت.
لە ڕۆژانی ئاگربەستەکەدا، حەماس دەریخست کە زۆر بە قووڵی لە غەززەدا جێگیر بووە، سەرەڕای بەڵێنەکەی ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی حەماس. بەڕێوبەرایەتییەکەی حەماس بەخێرایی هەنگاوی ناوە بۆ سەپاندنەوەی ڕێوشوێنی ئاسایشی و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ چەند بەشێکی ناوچەکە، زۆربەی کەرتی غەززە وێران بووە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی بە ئاشکرا باسییان لەوە نەکردووە حەماس چەند چەکداری لە دەستداوە، تەنها ئاماژەیان بەوە داوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و ڕەنگە هەزاران چەکدارییان کوژرابێتن.
کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی بلینکن پرسیاری لێکرا، باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدانا کە حەماس چەکداری بە کرێ گرتووە، بەڵام لە مەترسییەکەی کەم کردەوە.
دانۆن وتی " دەزانین حەماس گەنج بە کرێ دەگرێت. بەڵام تەنانەت ئەگەر گەنجیش بە کرێ بگرن، ئەوان چەک یاخود بنکەی مەشقییان نیە. لەبەرئەوە بەڵێ دەتوانیت هانی ئەم گەنجانە بدەیت دژی ئیسڕائیل بن بەڵام ناتوانن ببن بە تیرۆریست، چونکە ناتوانیت چەک یاخود ڕۆکێتییان بدەیتێ."
ڕۆژی سێشەممە لە وتاری دەستلەکارکێشانەوەیدا، جەنەڕاڵ هەرزی هالیڤی سەرکردەی سوپای ئیسڕائیل وتی حەماس زۆر بە سەختی زیانی پێگەیشتووە و زۆربەی فەرماندە سەربازییەکانی گروپەکە کوژراون. بەڵام وتی کە گروپەکە لە ناونەچووە و هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بەردەوام دەبن لە شەڕکردن بۆ لە ناوبردنی زیاتری حەماس.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕۆیتەرز: حەماس لەماوەی شەڕی غەززەدا لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار ئەندامی نوێی وەرگرتووە
