Accessibility links

ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر غەزە


غەزە
غەزە

سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکە هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر غەزە، ئەوەش دوای ئەوەی دووبارە گروپە چەکدارییە فەڵەستینیەکانی غەزە باڵۆنی گڕدارییان بە ئاڕاستەی باشووری ئیسڕائیل هەڵدا.

هەڵدانی باڵۆنی گڕدار و هێرشە ئاسمانییەکان نوێترین توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکانە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بە نێوەندگری میسڕ کۆتای هێندرا بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان کە یانزە ڕۆژی خایاند.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ماوەی ڕابردوودا باڵۆنی گڕدار لە کەرتی غەزەوە بەرەو ناوچەکانی ئیسڕائیل هەڵدراون."

وتیشی " وەکو وەڵامدانەوەیەک، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی شوێنە سەربازییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس و ئەو شوێنانەیان کردووە کە موشەکییان لێوە هەڵدەدرێن."

ماوەیەکی کەم دوای هێرشە ئاسمانیەکان، چەکدارانی حەماس بە چەکی قورس تەقەیان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیلدا کردووە، هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە ئیسڕائیل لێدرا.

بەپێی تیمەکانی ئاگرکوژێنەی ئیسڕائیل، لەم هەفتەیەدا ئەمە سێیەمین جارە فەڵەستینیەکان باڵۆنی گڕدار بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدەدەن.

لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسڕائیلدا هاتووە دەڵێت سەرکردەی سوپای وڵاتەکە ئاڤیڤ کۆهاڤی فەرمانی کردووە " هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر سیناریۆیەک، لەوانەش سیناریۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان."

وتیشی " هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بەردەوام دەبن لە بۆردومانکردنی توانا و ژێرخانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکە، هەروەها حەماس بە بەرپرس دادەنێت لەسەر هەموو ئەو ڕووداوانەی لە کەرتی غەزە ڕوودەدەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG