Accessibility links

بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسڕائیل


شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسڕائیل تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کەرتی غەزە بەردەوام بوون، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان یەک هەفتە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسڕائیل.

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە کۆتایی " وەڵامدانەوە سەربازییەکەی " ڕاگەیاند دوای ئەوەی ئیسڕائیل سێ چەکداری بزووتنەوەکەی لە کەرتی غەزە و دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد " بەزووترین کات هەڵدانی موشەکەکان لە غەزەوە ڕابگیردرێت."

بەڵام دوای کاتژمێرێک، بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەزە، بزووتنەوەکە پاشگەز بۆوە لە بڕیارەکەی و ڕایگەیاند دەست دەکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل.

وتەبێژی سەرایای قودس کە باڵێکی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییە، وتی " پێشتر ڕامانگەیاند وەڵامە سەربازییەکەمان ڕادەگرین بەڵام دوژمن پابەند نەبوو و بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی شوێن و چەکدارەکانمان."

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە لە کەرتی غەزەوە کۆمەڵێک موشەکی دیکەی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد دوای ئەوەی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر شوێنەکانیان لە غەزە و سوریا، ئەوەش بووە هۆی داخستنی خوێندنگا و ڕێگاکانی باشووری ئیسڕائیل.

سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا " شەش موشەک لە کەرتی غەزەوە هەڵدراون بە ئاڕاستەی خاکی ئیسڕائیل. سیستمی بەرگری موشەکی ئیسڕائیل بەرپەرچی پێنج لە موشەکەکانی داوەتەوە."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی " پێویستە لەسەر جیهادی ئیسلامی و حەماس لەوە تێبگەن کە ناکرێت ئەمە بەردەوام بێت. دەبێت هێرشەکانیان ڕابگرن، نەک تەنها بۆ یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ بەڵکو بۆ هەتا هەتایە، ئەگەر نا ئەوا ئیسڕائیل دەست دەکات بە هەڵمەتێکی سەربازیی بەرفراوان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG