Accessibility links

ئیسڕائیل: هێزەکانی ئیسڕائیل 3 چەکداری فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا دەکوژن


سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئیسڕائیل لە دوو ڕووداوی جیادا لە کەناری ڕۆژئاوا دوو چەکداری فەڵەستینی و کەسێکی دیکەیان کوشتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادانەکان لە کەناری ڕۆژئاوا کە چەند مانگێکە دەستی پێکردووە بەردەوامن.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەدا کاتێک کە هێزەکانی ئیسڕائیل لە میانەی ئۆپەراسیۆنیکدا لە شاری جنین ڕووبەڕووی تەقە بوونەتەوە، هێزەکانی بە تەقە وەڵامیان داونەتەوە و " ئامانجەکانیان پێکاوە." وتیشی لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەکدارێکی گروپی چەکداری حەماس و دوو کەسی دیکە دەستگیر کراون.

لیوای جنین کە گروپێکی سەر بە باڵێکی چەکداری جیاوازە، وتی یەکێک لە ئەندامەکانی کوژراون.

ڕابەری گروپی فەتاح لە جنین عەتا ئەبو ڕومیڵە بە ڕۆیتەرزی وت ئەو کەسەی دیکە کە کوژراوە پزیشک بووە و هاوکات ئەندامێکی گروپەکەشی بووە و بەشدار بووە لە شەڕەکەدا.

درەنگانێکی ڕۆژی هەینی و لە ڕووداوێکی جیادا سوپای ئیسرائیل وتی وەڵامی تەقەیەکی داوەتەوە لە نیشتەجێیەک لەنزیک شاری ڕامەڵای کەناری ڕۆژئاوا، هێرشەکە بووەتە هۆی بریندار بوونی هاوڵاتیەکی مەدەنی ئیسڕائیلی. وتیشی سەربازە ئیسڕائیلییەکان هێرشبەرێکیان کوشتووە و دەگەڕێن بە دوای گومانلێکراوەکانی دیکەدا.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی کەسێکی تەمەن 23 ساڵ بەهۆی تەقەی ئیسڕائیلەوە لە نزیک ڕامەڵا کوژراوە. هێشتا ڕوون نەبۆتەوە کە ئایا ئەو کەسە پەیوەندی بە گروپە چەکدارییەکانەوە هەبووە یاخود نا.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 100 فەڵەستینی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کوژراون، زۆربەیان لە سەرەتای مانگی سێیەوە بووە کاتێک هێزەکانی ئیسڕائیل هەڵمەتێکی سەربازییان لە کەناری ڕۆژئاوا دەستپێکرد وەکو وەڵامێک بۆ زنجیرە هێرشەکانی فەڵەستینییەکان لە ناو ئیسڕائیلدا.

وتەبێژی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان نەبیل ئەبو ڕودینیە وتی ئیسڕائیل " سەرجەم هێڵە سوورەکانی بەزاندووە " و دەسەڵاتی فەڵەستینی ڕێگە نادات ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت.

شارەکانی جنین و نابلوس کە هەردووکیان بوونەتە ماڵی پەنابەران، ناوەندی توندوتیژییەکان بوون. بەڵام ڕووداویش هەبوون لە ناوچەکانی دیکەی کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم کە لەم هەفتەیەدا دوو سەربازیی ئیسڕائیلییان تێدا کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG