سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکە سێ چەکداری فەڵەستینییان کوشتووە لە کاتێکدا کە چەکدارەکان هێرشییان کردۆتە سەر خاڵە سەربازییەکەیان لە کەناری ڕۆژئاوا، وتیشی چوارەمین چەکدارییان خۆی داوە بە دەستەوە و دەستگیرکراوە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان کوژرانی چەکدارەکانی لە نزیک شاری نابلوس لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا پشتڕاست کردەوە.
لانەی شێرەکان کە گروپێکی چەکداری فەڵەستینییە لە شاری کۆنی نابلوس، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سێ چەکدارییان کوژراون.
سوپای ئیسڕائیل وتی چەکدارەکان تەقەیان لە خاڵە سەربازییەکەی سوپا کردووە لە نزیک هوارەی نزیک نابلوس، کە ناوچەیەکە بەردەوام توندوتیژی و پێکدادانی نێوان فەڵەستینییەکان و هێزەکانی ئیسڕائیلی و چەکدارە نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکانی تێدایە.
سوپای ئیسڕائیل وتیشی سەربازەکانی ئیسڕائیل تەقەیان لە چەکدارەکان کردۆتەوە و سێ چەکدارییان کوشتووە، دواتریش چەکداری چوارەم خۆی داوە بە دەستەوە، چەک و تەقەمەنییەکانیشیان دەستی بەسەرداگیراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز