سەرچاوە ئیسڕائیلی و فەڵەستینییەکان وتیان سەربازانی ئیسڕائیل چەکدارێکی فەڵەستینیان کوشتووە، ئەمەش لەمیانەی هێرشێکدا بۆ سەر شارۆچکەی ئەو چەکدارەی کە هێرشە کوشندەکەی تەل ئەڤیڤی ئەنجامدا.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان زیادیکردووە، هەردوولا هۆشداری دەدەن لەسەر زیادبوونی گرژییەکان. لە ماوەی ڕابردووشدا هێرشی کوشندە لە ئیسڕائیل ئەنجامدراون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیەکان وتی لە تەقەکردنەکەی شاری جنیندا 13 کەس برینداربوون. جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییەکان بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو کەسەی کوژراوە ئەندامی گروپێکی چەکداری بووە.
سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی ئەرکێکی دژە تیرۆرییان لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە و تەقەیان لە چەکدارە فەڵەستینییەکان کردووە کە ئەوان تەقەیان لێکردوون.
دانیشتوانی ناوچەکە وتیان هێزەکان گەمارۆی ماڵی کەسێکیانداوە کە شەوی پێنجشەممە لە باڕێکی تەل ئەڤیڤ دەستی بە تەقەکردن کرد و سێ هاوڵاتی ئیسڕائیلی کوشت. چەند کاتژمێرێک دواتر لە شەڕە تەقەیەکدا هێزەکانی ئیسڕائیل کوشتوویانەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە کۆمەڵێک کوتوبەندی خستەسەر ناوچەی جنین، هاتوچۆ و تێپەڕبوونی بە خاڵی سنووری سەرەکی ناوچەکە لەگەڵ ئیسڕائیلدا قەدەغەکرد. جنین بە موڵگەی سەرەکی چەکدارە فەڵەستینییەکان دادەنرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
هێزەکانی ئیسڕائیل لە پێکدادانێکدا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا چەکدارێکی فەڵەستینی دەکوژن
