Accessibility links

ئیسرائیل: هەتا 40 ساڵی دیکە بەهێزترین هێزی ئاسمانین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن وڵاتەکەیان مسۆگەری کردووە هەتا 40 سـاڵی دیکە وەک خاوەن بەهێزترین هێزی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پـۆست لە زاری ئەو کاربەدەستانەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویانە لە کۆتایی ئەم مانگی هەشتەدا دوو فڕۆکەی دیکەی جۆری F-35 لە ئەمەریکا وەردەگرن و مانگی دەش دوو فڕۆکەی دیکەی لەم جۆرە وەردەگرن، بەمەش هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئیسرائیل دەبێتە خاوەن 9 فڕۆکەی لەم جۆرە.

ئیسرائیل کە ناوی (ئەدیر)ی لەم فڕۆکانە ناوە، واتە "مەزن"، سێ گرێبەستی لەگەڵ ئەمەریکادا مۆرکردووە بۆ کڕینی 50 فڕۆکەی لەم جۆرە کە بەهای هەر یەکەیان زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.

بڕیارە هەتا ساڵی 2021 ئیسرائیل 33 فڕۆکەی لەم جۆرەی پێبگات کە نوێترین تەکنەلۆژیای تیادایە و لەسەر ڕادار نابینرێت. هەروەها دەتوانێت خۆی لابدات لە سیستەمی موشەکی جۆری S-300 ی ڕووسی ئەوەی ئێران لەم دوایـیانە وەریگرتووە.

ئەمیر ئیشێل جەنەڕاڵی پـێشووی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە بارەی تایبەتمەندیـیەکانی ئەم فڕۆکەیە بە ئۆرشەلیم پـۆستی گوت، فڕۆکەیەکیان توانیویەتی لە یەک گەشتیدا زانیاری هەواڵگری کۆبکاتەوە کە هەرچ فڕۆکە و ئامێری دیکە کۆی بکردایەتەوە چەندان هەفتەی دەویست.

XS
SM
MD
LG