Accessibility links

شاندێکی میسڕیی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بارمتەکانی غەززە سەردانی ئیسڕائیل دەکەن


بەرپرسێکی نزیک لە کۆبوونەوەکانەوە دەڵێت ڕۆژی هەینی شاندێکی میسڕیی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیلدا کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ڕێگاکانییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە و گەڕانەوەی ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئیسڕائیل هیچ پێشنیارێکی نوێی نەبووە پێشکەشی بکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ویستوویەتی بیر لە ئاگربەستێکی سنووردار بکاتەوە کە تێیدا 33 بارمتە ئازاد دەکرێن، لە بری 40 بارمتەیەی کە پێشتر قسەیان لەسەر کردبوو.

بەرپرسەکە وتی " لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک نیە لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا سەبارەت بە گفتوگۆکان، لەوبارەیەشەوە هیچ پێشنیارێکیش نیە لە ئیسڕائیلەوە. ئەوەی کە هەیە هەوڵێکە لەلایەن میسڕەوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئەوەش لە ڕێی پێشنیارێکی میسڕییەکانەوە کە ئازادکردنی 33 بارمتە لە خۆدەگرێت، بارمتەکانیش بریتی دەبن لە ژنان و بەساڵاچووان و لاوازەکان."

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسڕائیل، بەرپرسانی هەواڵگری ئیسڕائیل باوەڕییان وایە 33 بارمتەی ژن و بەساڵاچوو و نەخۆش هێشتا لە غەززە لە ژیاندا مابن، ئەوەش لە کۆی ئەو 133 بارمتەیەی کە هێشتا لەلایەن حەماس و گروپە چەکدارییە فەلەستینییەکانی دیکەوە گیراون.

بەرپرسەکە وتیشی هیچ بڕیارێک نەدراوە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە سەرکەوتوو بن ئاگربەستەکە ماوەکەی چەند دەبێت، بەڵام وەستان لە شەڕەکەدا " بە دڵنیاییەوە کەمتر لە شەش هەفتە " دەبێت.

سەردانی شاندەکەی میسڕ بۆ ئیسڕائیل دوای ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسڕائیل هات کە باسییان لە سەردانی سەرۆکی سوپای ئیسڕائیل هەرزی هالیڤ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئیسڕائیل ڕۆنین باڕ کردبوو لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بۆ قاهیرە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG