Accessibility links

ئیسڕائیل داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات حەماس وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێنن


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد حەماس وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێنن و " سزایەکی قورسی " بەسەردا بسەپێنن.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل کاتز، وتی " داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم هەتاوەکو دەتوانن فشار بخەنە سەر ڕێکخراوی حەماس تاوەکو دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک سەرجەم بارمتە ڕفێندراوەکان ئازاد بکات."

سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەبێت ڕازی ببن تاوەکو بڕیارێکی لەوشێوەیە بدرێت. لە ئێستادا چەند وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا، بە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ژاپۆنیشەوە، لە یاسا ناوخۆییەکانییاندا حەماسییان وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناساندووە.

کاتز لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم لێدوانانەیدا کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە. کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتێکی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پرامیلا پاتین، کە باس لە توندوتیژیی سێکسی دەکات لە ململانێکەدا.

پاتین و تیمێک کە پێکهاتوون لە نۆ شارەزای تەکنیکی، ئەرکێکی دوو هەفتەییان لە ئیسڕائیل ئەنجامدا، لە 29 ی مانگی یەکەوە تاوەکو 14 ی مانگی دوو، لە ئەرکەکەدا " زانیاری باوەڕپێکەر و ڕوونییان " دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی حەماس توندوتیژیی سێکسی ئەنجامداوە، بە دەستدرێژیکردنی سێکسیشەوە دژی قوربانییان هێرشە تیرۆریستییەکەی 7 ی مانگی 10 لە ناو ئیسڕائیلدا.

لەو ڕۆژەدا لانیکەم 1200 کەس کوژران، هەندێکییان پێش ئەوەی بکوژرێن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

لە ڕاپۆرتەکەی پاتیندا هاتووە دەڵێت ئەو جۆرە توندوتیژییە ڕەنگە بەردەوام بێت دژی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.

ئیسڕائیل کاتزی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل وتی " ئەمڕۆ ئێوە هەر یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەرفەتێکتان لەبەردەمدایە بۆ ئازادکردنی 134 کەسی بێتاوان. بە ئەنجامدانی ئەو کارە، ئێوە بۆ جیهانی دەردەخەن کە ئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت ڕووناکییەکی درەوشاوەی دادپەروەریی و هیوا بێت بۆ هەمووان. ئەوە لە دەستی ئێوەدایە."

کاتز لە مانگی یەکدا ڕەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت لەسەر ئەوەی " بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ بێدەنگ بووە بەرامبەر کارەکانی " حەماس و وتوویەتی " نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز ئەم تاوانە دڕندانەی حەماسی سەرکۆنە نەکردووە."

لە کاتێکدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا سەرکۆنەکردنێکی فەڕمی بە ناوی ئەنجومەنەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنانە چەندین جار هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی سەر ئیسڕائیلییان سەرکۆنە کردووە. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەیان کردووە.

XS
SM
MD
LG