ئیسڕائیل دەڵێت منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ دەتوانن ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، ئاماژەشی بەوەدا کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێت.
وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند و هەفتەی داهاتوو شارەزایانی تەندروستی وڵاتەکە بڕیارەکەیان پەسەند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی فایزەر و بایۆنتێکی بۆ ئەو تەمەنانە پەسەند کرد.
وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ ڕادەگەیەندرێت و ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتێکیان دەدرێتێ.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " زۆرینەی شارەزایانی لیژنەی ڤاکسینەکان پێیان وابوو سوودەکانی پێدانی ڤاکسینەکان بە منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ لە مەترسییەکان زۆر زیاترە."
لە کۆی 9.4 ملیۆن دانیشتووەکەی ئیسڕائیل، 1.2 ملیۆنیان منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵن. بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکەش دەڵێن پێویستە ئەو تەمەنانە ڤاکسین وەربگرن.
لە ئامارێکی ئیسڕائیلدا کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، لەسەدا 27 ی دایکان و باوکان ڕێگە دەدەن منداڵەکانیان لە خوار تەمەن 12 ساڵەوە ڤاکسین وەربگرن، لە سەدا 33 بە پێچەوانەوە و لە سەدا 40 بڕیارییان نەداوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز