Accessibility links

دوای فەرمانی داخستنی، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیکوتایە سەر کەناڵی ئەلجەزیرە


بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاند دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کەناڵەکەی تاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکەی ناو غەززە تەواو دەبێت داخست، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە کەناڵەکە مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە.

ئەلجەزیرە وتی ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل " تاوانکارییە " و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی " تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان " و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە.

وتیشی مافی خۆیەتی " سەرجەم هەنگاوە یاساییەکان " بگرێتەبەر.

ئەلجەزیرە ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل گرتووە لە غەززە، لەو ئۆفیسەشییانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام ڕووماڵی جەنگەکەیان کردووە.

نەتانیاهو وتی " کەناڵی وروژێنەری ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل دادەخرێت."

حکومەتی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی فەرمانەکە داخستنی ئۆفیسی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل دەگرێتەوە، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانی پەخش و دابڕینی کەناڵەکە لە کۆمپانیاکانی کێبڵ و مانگە دەستکردەکان و هەروەها قەدەغەکردنی ماڵپەڕەکانی دەگرێتەوە. بەڵام باسی لە ئەرکەکانی غەززەی ئەلجەزیرە نەکرد.

پێشتر ئەلجەزیرە ئاماژەی بەوەدا بوو کە هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ داپۆشینی ئەرکەکانی " پەرەسەندنێکە " و لە سەرەتای مانگی چواردا وتی " ئەو هەوڵانە بەشێکن لە هێرشە ڕێکخراوەکانی ئیسڕائیل بۆ بێدەنگکردنی ئەلجەزیرە."

وتیشی بەرپرسانی ئیسڕائیل بە مەبەست چەندین ڕۆژنامەنووسی ئەلجەزیرەیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانن، لەوانەش سامیر ئەبو دەقە و حەمزە ئەلدەهدوود، کە هەردووکییان لە ماوەی جەنگەکەدا لە غەززە کوژراون. ئیسڕائیل وتوویەتی کە ڕۆژنامەنووسان ناکوژێت.

ئەلجەزیرە لە بەیاننامەیەکدا وتی " تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە بە توندی سەرکۆنەی ئەو تاوانکارییە دەکات کە مافەکانی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان پێشێل دەکات. ئەلجەزیرە جەخت لە مافی خۆی دەکاتەوە بۆ بەردەوام بوون لە دابینکردنی هەواڵ و زانیاریی بۆ بینەرەکانی لە جیهاندا."

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕەخنەی لە داخستنی کەناڵەکە گرت.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێکس نووسیویەتی " بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە."

مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن.

یاساکە ڕێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG