کەناڵێکی سوریا لە زاری سوپاوە بڵاویکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل لە ئاسمانی لوبنانەوە ژمارەیەک موشەکیان هاویشتووە بۆ ناوچەیەکی سوپای سوریا لەنزیک دیمەشق.
سوپا لە بەیاننامەیەکدا وتی " فڕۆکەکانی ئیسڕائیلی دوژمن کاتژمێر 3:42 خوولەکی بەیانی لە لوبنانەوە ژمارەیەک موشەکیان هاویشتووە بۆ یەکێک لە شوێنە سەربازییەکانمان لە لادێیەکی نزیک دیمەشق و بەرگریی ئاسمانیمان بەرپەرچی داونەتەوە و زۆربەی موشەکەکانیان تێکشکاندووە.
بەڵام سوپا لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە نەداوە کە تا چەندێک زیانی گیانی و ماددی کەوتۆتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " سەرکردایەتی گشتی سوپا و هێزە چەکدارەکان جەخت لە ئامادەیی هێزەکانمان دەکەنەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دوژمنکارییەک و لەناوبردنی و بەردەوام بوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو کاتەی هەموویان لەناو دەبرێن و ئەمن و ئاسایش دەگەڕێتەوە بۆ هەموو خاکی سوریا و ئیسڕائیلیش دەبێت بەرپرسیارێتی هەموو ئەو دوژمنکارییانە بگرێتە ئەستۆ و ڕووبەڕووی مەترسی ئەو کارە خراپانە ببێتەوە کە هەمیشە ئەنجامی دەدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز