سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئاشکرای کرد هاوکاری هەیە لە نێوان وڵاتەکەی و ژمارەیەک وڵاتی عەرەب لەسەر ئاستی جیاوازدا. دەڵێت لە هیچ سەردەمێکدا بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە.
بنیامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی ئاهەنگێـکدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی عبریـیەوە کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم سازکرا، ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەو وڵاتە عەرەبیـیانە لەوانەن کە ڕێکەوتنی ئاشتیـیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نیـیە.
گوتیشی هاوکاریـیەکان لە ئاستێـکدان کە پێشتر لە مێژووی ئیسرائیلدا نەبووە، تەنانەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەشی ڕێکەوتنی ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیل مۆرکردووە، بەڵام گوتی لەم قۆناغەدا ئاشکرا ناکرێن.
پاشان سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕەخنەی لە فەڵەستینیـیەکان گرت و گوتی" هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریـیە گەورەیە ڕوویداوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، بەڵام فەڵەستینیـیەکان لە مەرجەکانیان نایەنە خوارێ تاوەکو بە ڕێکەوتنێـکی سیاسی بگەین." جەختی لەوەش کرد ئەو مەرجانەی ئێستا فەڵەستینیـیەکان هەیانە لە لایەن بەشێکی زۆری خەڵکی ئیسرائیلەوە جێی قبوڵ نین.