Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل ئامانجەکانی حزبوڵا لە ناو سوریادا دەکەنە ئامانج


وەزارەتی بەرگری سوریا دەڵێت ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل هێرشی موشەکی کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی لە دەرەوەی دیمەشقی پایتەختی سوریا، سەرچاوە هەواڵگریی و ناوچەییەکانیش دەڵێن هێرشەکان کراونەتە سەر بارەگاکانی حزبوڵای لوبنان.

وەزارەتەکە وتی بەرگریی ئاسمانی سوریا " بەرپەرچی موشەکەکانی ئیسڕائیلی داوەتەوە و هەندێکییانی خستووەتە خوارەوە." وتیشی تەنها زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.

دوو سەرچاوەی سەربازیی سوریا کە ئاگاداری هێرشەکانن وتییان ئیسڕائیل کۆگاکانی تەقەمەنی حزبوڵای کردووەتە ئامانج لە نزیک شاری یەبرود لە چیاکانی قالاموون، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆهەڵاتی دیمەشقەوە.

ئەمە دووەم هێرش بوو لە ماوەی 48 کاتژمێردا بۆ سەر هەمان زنجیرە چیا کە دەکەونەوە سەر لوبنان و چەکدارێکی زۆری حزبوڵایان لێیە و چەندین ڕێڕەوییان هەیە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانییان بۆ ناو سوریا.

حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە نزیکەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی سنووردار لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە تەقەیان لە یەکتر کردووە.

بەپێی سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ڕۆژئاوا، هێرشێکی دیکە لە شوێنێکی نزیک قوتەیفەی داوە، کە دەکەوێتە 40 کم لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشقەوە، لە هەمان ئەو ناوچانەدا کە چەکدارانی حزبوڵایان تێدایە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت " ئەم هێرشە نوێیانە بە ئاشکرا دیارە کە ژێرخانی حزبوڵا لە سوریادا دەکەنە ئامانج ، بە تایبەتی بارەگاکانی بەدرێژایی سنووری نێوان سوریا و لوبنان." هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکەی ئەمدواییانەشدا بۆ سەر شاری قوسەیر کە دەکەوێتە سەر سنوورەکە و حزبوڵا بە خاڵەکانی پشکنین کۆنتڕۆڵی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی حزبوڵا و گروپە چەکدارییەکانی دیکە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بوونییان هەیە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا دەڵێن لە دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل سروشتی ئامانجەکانی لە سوریادا لە هێرشەکانیدا گۆڕیوە. ئیسڕائیل هێرشە موشەکییەکانیشی لە گەڕەکی سەیدا زەینەبی دیمەشق زیاتر کردووە کە مەزارگەیەکی گەورەی شیعەکانی لێیە و ڕابەرانی باڵای گروپە چەکدارییەکانیش بارەگایان هەیە تێیدا.

لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا نزیکەی نیوە دەرزەنێک لە ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی سەیدا زەینەب کوژراون، هاوکات چەندین کادری حزبوڵاش لە هێرشەکاندا لەو ناوچەیەدا کوژراون.

حزبوڵا دەڵێت لە 7 ی مانگی 10 ەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 چەکداریی لە سوریادا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG