Accessibility links

ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر سوریا


تانکی مێرکاڤای ئیسڕائیل، بەرزاییەکانی گۆلان 31 ی مانگی یەکی 2022
تانکی مێرکاڤای ئیسڕائیل، بەرزاییەکانی گۆلان 31 ی مانگی یەکی 2022

سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشێکی ئاسمانییان کردۆتەسەر سیستمێکی بەرگری موشەکی لە سوریا، ئەوەش دوای ئەوەی موشەکێکی دژە فڕۆکە لە سوریاوە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدراوە، پێشتریش کەناڵی فەڕمی سوریا وتی موشەکەکەی سوریا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بووە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکەی کەناڵی فەڕمی سوریا بدات کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە سەرەتا ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردۆتەسەر ناوچەیەکی نزیک لە دیمەشقی پایتەختەوە و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و پێنج سەربازی دیکە برینداربوون.

بەڵام سوپای ئیسڕائیل دەڵێت وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی موشەکی دژە فڕۆکە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل، هێرشێکی پێچەوانەیان بۆ سەر سوریا ئەنجامداوە. وتیشی موشەکەکان بوونەتە هۆی داگیرسانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هەندێک لە ناوچەکانی ئیسڕائیل و کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا و لە ئاسماندا تەقیونەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی " دوابەدوای هەڵدانی موشەکی دژە فڕۆکە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل، هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل هێرشییان کردۆتەسەر سیستمەکانی بەرگری موشەکی و ڕادارەکان کە موشەکیان بە ئاڕاستەی فڕۆکەکانی هێزە ئیسڕائیلییەکان هەڵداوە."

لە ماوەی ڕابردوودا کەناڵی فەڕمی سوریا ڕایگەیاند بەرگری ئاسمانی سوریا بەسەر دیمەشقەوە موشەکەکانی ئیسڕائیلی خستۆتەخوارەوە.

کەناڵەکە وتی ئیسڕائیل موشەکی زەوی بۆ زەوی لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە هەڵداوە، هێزی بەرگری ئاسمانی سوریاش هەندێکیانی خستۆتەخوارەوە.

کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیلەوە سەربازێکی سوری کوژراوە و پێنج سەربازی دیکە برینداربوون.

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجام دەدات، ئیسڕائیل دەڵێت تەنها ئێرانیەکان لە سوریا دەکەنە ئامانج، هاوکات حیزبوڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە جەنگی ناوخۆی سوریادا پشتیوانییان لە ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کردووە. بەرپرسانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەداوە بوونی ئێران لە سوریادا مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەیان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG