سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند 130 " ئامانجی سەربازیی " لە غەزە بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە 15 کەسی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی کوژراون، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی موشەک لە غەزەوە بۆ ئیسڕائیل.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل جۆناثان کۆنریکۆس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی " 130 ئامانجی سەربازیمان بۆردومان کردووە کە زۆرینەیان شوێنی بزوتنەوەی حەماس بوون." وتیشی " بەپێی خەمڵاندنەکانمان، 15 ئەندامی سەر بە بزوتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی کوژراون."
هەروەها هۆشیاریدا و وتی " ئێمە لە قۆناغەکانی یەکەمی هێرشە پێچەوانەکەمانداین، بەردەوام دەبێت." وتیشی " ئێمە ئامادەین."
کۆنکریکۆس ئەوەشی خستەڕوو لە ڕۆژی دووشەممەوە زیاتر لە 200 موشەک لە غەزەوە بەرەو ئیسڕائیل هەڵدراون، وتیشی سیستمی بەرگری موشەکی ئیسڕائیل بەرپەرچی زیاتر لە سەدا 90 ی موشەکەکانی داوەتەوە.
ئاماژەشی بەوەدا " سێیەکی ئەو موشەکانەی بەرەو ئیسڕائیل هەڵدراون لەناو غەزەدا کەوتوونەتە خوارەوە، پێدەچێت ئەوە هۆکاری زیانە گیانییەکانی فەڵەستینیەکان بێت."
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین وتی " لە غەزە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زیادیکردووە و 22 کەس کوژراون و 9 منداڵ و ئافرەتێکیشیان تێدایە، هەروەها 106 کەسیش برینداربوون."
سەرچاوە/ فرانس پرێس