Accessibility links

زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل


ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانەوە و توڕەبوونی فەڵەستینیەکان لە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو فەڵەستینی کوژران و 16 ئیسڕائیلی برینداربوون.

کاربەدەستانی ئیسڕائیل وتیان هاوڵاتیەکی عەرەبی ئیسڕائیلیان کوشتووە دوای ئەوەی تەقەی کردووە و پۆلیسێکی بریندارکردووە لە یەکێک لە دەروازەکانی شاری کۆن لە ئۆرشەلیم. وتیشی هێرشەکە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوە بووە.

پلانی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرێک لەو خاکانە دەداتە ئیسڕائیل کە دەیان ساڵە هەوڵی بۆ دەدات لەوانەش ئۆرشەلیم و هەموو ئەو خاکانەش کە نیشتەجێیە ئیسڕائیلیەکانی لەسەر داناوە.

دوای زیادبوونی گرژییەکان، سوپای ئیسڕائیل وتی دەستی کردووە بە ڕەوانەکردنی پشتیوانی بۆ کەناراوی ڕۆژئاوا کە لەوێ هێزەکانی ئیسڕائیل گەنجێکی تەمەن 19 ساڵیان کوشت لەنێوەندی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە جنین. فەڵەستینیەکان دەڵێن بەردییان لەو سەربازانە گرتووە کە هاتوون هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی فەڵەستینی، ئەو ماڵە ڕۆڵیان هەبووە لە کوشتنی هاوڵاتیەکی ئیسڕائیلی لە ساڵی 2018 دا، ئەو هاوڵاتیە لە یەکێک لە نیشتەجێیە ئیسڕائیلیەکاندا ژیاوە لەسەر خاکی فەڵەستین.

لە ڕووداوێکی دیکەدا لە جنین، پۆلیسێکی فەڵەستینی لە بنکەی پۆلیس بە فیشەکی ئیسڕائیلیەکان کوژرا، ئەمەش بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی فەڵەستینی. کاربەدەستانی ئیسڕائیل هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەسەر ئەوە بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا هێزەکانی ئیسڕائیل بە هەڵە تەقەیان لەو پۆلیسە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ئوتومبێلێک خۆی کێشا بە کۆمەڵێک سەربازی ئیسڕائیلیدا کە لە قەراغی شەقامێکدا دەڕۆشتن و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 14 سەرباز برینداربوون.

سوپای ئیسڕائیل وتی شۆفێری ئوتومبێلەکە توانیویەتی لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵبێت بەڵام دواتر دەستگیرکراوە. ماڵپەڕی هەواڵی ئیسڕائیلی وای نێت ئاماژەی بەوەدا شۆفێرەکە فەڵەستینیە و تەمەنی 25 ساڵە.

سوپای ئیسڕائیل ئاماژەشی بەوەدا لەسەر ڕێگەیەکی نیشتەجێیە ئیسڕائیلیەکان، سەربازێکی ئیسڕائیلی بە فیشەکی چەکدارێکی فەڵەستینی بریندارکراوە و دواتر چەکدارەکە توانیویەتی هەڵبێت.

سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس سەرکۆنەی کوژرانی فەڵەستینیەکانی کرد لەسەر دەستی هێزەکانی ئیسڕائیل و ئەوەشی بەستەوە بە پلانەکەی سەرۆک ترامپەوە کە بە " گرێبەستی سەدە " ناودێری دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG