سەربازانی ئیسڕائیل فەڵەستینییەکییان لە کەناری ڕۆژئاوا بە فیشەک کوشت، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای هێرشێک بە چەقۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم کە بووە هۆی بریندار بوونی پیاوێکی ئیسڕائیلی.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی ڕابی عەرەفە ڕابی تەمەن 32 ساڵ لە خاڵێکی پشکنین لە شاری قەلیقیلیە " فیشەکێک بەر سەری کەوتووە."
وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لە نزیک قەلیقیلیە تەقەیان لە ئوتومبێلێک کردووە کە سێ گومانلێکراوی تێدا بووە، لە کاتێکدا کە ئوتومبێلەکە لە یەکێک لە سەربازەکانی داوە و بە خێرایی ڕۆیشتووە. سەربازەکان ویستوویانە ئوتومبێلەکە ڕابگرن و بیپشکنن.
وتەبێژەکە وتی " سەربازەکان بەرەو ئوتومبێلەکە تەقەیان کردووە. "
وتیشی " سەربازەکە پێویستی بە چارەسەری تەندروستی نەبووە. ئاگاداری هەواڵەکانین سەبارەت بە لێدانەکە. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت."
ڕۆژی شەممە پۆلیسی ئیسڕائیل وتی ئەفسەرانی پۆلیس فەڵەستینییەکیان " کوشتووە " کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر پیاوێکی ئیسڕائیلی و بە سەختی برینداری کردووە.
پۆلیس وتی پیاوەکە لە پشتەوە چەقۆی لێدراوە.
پۆلیس وتی " لە هێرشەکەدا پیاوێک بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس