Accessibility links

سەرۆک وەزیری فەڵەستین داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی " دوژمنکارییەکان "ی سەر غەززە


سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد ئەشتیە داوای دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕاگرتنی " دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل" بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئەشتیە لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێویستە لەسەر ئیسڕائیل بەزووترین کات تاوانەکانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕابگرێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین نەوەی گەلەکەمان بپارێزن لە پێشێلکارییەکانی داگیرکەر لە غەززە و لە بەشی ڕۆژئاواش."

وتیشی " سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس و حکومەت لە پەیوەندییدان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەشدا تاوەکو ڕێگە نەدەن ئەم دوژمنکارییانە زیاتر ببن." هەروەها جەختی لەوەش کردەوە " نابێت ڕێگە بە کاندیدە ڕکابەرەکانی نێو هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل بدەین خوێنی فەڵەستینی وەکو کارتێکی هەڵبژاردن بەکاربهێنن."

دوای ئەوەی ئیسڕائیل سەرکردەیەکی کۆمەڵەی جیهادی ئسلامی لە هێرشێکدا لە غەززە کوشت، لە وەڵامدا جیهادی ئیسلامی نزیکەی 200 موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد. هێرشە ئاسمانییەکانی دیکەی ئیسڕائیل دژی جیهادی ئیسلامی لە غەززە بۆتە هۆی کوژرانی هەشت فەڵەستینی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG