Accessibility links

ئەفسەرێکی ئیسرائیل: هەوڵێکی داعش بۆ تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی ئیماراتیمان لە ئوسترالیا پـوچەڵکردووەتەوە


ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل دەڵێن ئەفسەرێکی باڵای دەزگایەکی زانیاری وڵاتەکەیان بۆی ڕاگەیاندوون ئەو پلانە تێرۆرستیەی لە هاوینی ساڵی ڕابردوو داڕێژرابوو بۆ تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئتیحادی ئیمارات لە ئاسمانی ئوسترالیا و پوچەڵکرایەوە، دەزگاکەی ئەوان ئاشکرای کردووە.

هەردوو ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست و یەدیعۆت ئەحرەنۆت ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕەکانیان نووسیویانە ئەفسەرێکی باڵای "یەکەی 8200 " دۆێنێ سێشەممە بە ڕۆژنامەوانانی گوتووە پلانەکە لە لایەن داعشەوە داڕێژرابوو بۆ تەقاندنەوەی فڕۆکەکە لە ئاسمانی ئوسترالیا، وە ئەگەر سەری بگرتایە ئەوا بە دەیان کەسی بێ تاوان دەبوونە قوربانی.

بەپـێی ئەفسەرەکە دەزگاکەیان کە زانیاری لە ئنتەرنێت و پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکان کۆدەکاتەوە بۆیان دەرکەوتبوو پـلانێکی تێرۆرستی لە ئارادایە و گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پـێشکەوتوو کە پـێویست دەکات دەستبەجێ ڕێوشوێنی پـێویست بگیرێتەبەر، بۆیە لەگەڵ دەزگا سیخوڕیـیەکانی دیکەی ئیسرائیل هاوکاریـیان کردووە و دەسەڵاتدارانی ئوسترالیایان لێ‌ئاگادارکردەوە.

سەرئەنجام دەزگای دژە تێرۆری ئوسترالیا 4 کەسی بەشدار لە پلانە تێرۆرستیـیەکەی دەسـتگیرکرد.

جێی ئاماژەیە یەکەی 8200 ی ئیسرائیل یەکێکە لە بەهێزترین دەزگاکانی زانیاری لە جیهاندا و لە ساڵی 1952 وە دامەزراوە، دەڵێن نیوەی کارەکانی تایبەتن بە کۆکردنەوەی زانیاری دەرەکی.

XS
SM
MD
LG