Accessibility links

دەزگای هەواڵی سوریا: ڕوسیا نێوەندگری دەکات بۆ گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوان دیمەشق و ئیسڕائیل


دەزگای هەواڵی سوریا " سانا " وتی ڕوسیا نێوەندگری دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنێک لەسەر ئازادکردنی کچێکی ئیسڕائیلی کە بە هەڵە سنووری سوریای تێپەڕاندووە و لەبەرامبەریشدا ئازادکردنی دوو هاوڵاتی سوری کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستگیرکراون.

لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵی سوری " سانا " بدات، بەڵام وتی هەوڵدەدات لەڕێی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیادا مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکات.

ئەم ڕاپۆرتەی دەزگای هەواڵی سوری سانا دوای ئەوە هات ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسڕائیل دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجامدا کە وەکو بەرپرسان باسی لێوە دەکەن مەبەست لێی تاوتوێکردنی بابەتێکی مرۆیی بووە کە ڕوسیاش تیایدا بەشدارە.

سانا ئاماژەی بەوەدا ئەو دوو هاوڵاتیە سورییەی ئیسڕائیل دەستگیری کردوون خەڵکی بەرزاییەکانی گۆلانن.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کچە ئیسڕائیلیەکە بە هەڵە سنووری سوریای تێپەڕاندووە و لەلایەن بەرپرسانی سورییەوە لە ناوچەی قەنتیرە لە بەرزاییەکانی گۆلان دەستگیرکراوە.

نەتانیاهو بە ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیلی وت " سوود لە پەیوەندییە تایبەتیەکانم لەگەڵ سەرۆک پوتندا وەردەگرم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پەیوەندی تەلەفونی هەستیار هەیە لە نێوانماندا، بەئاگایی و بەرپرسانەوە هەڵسوکەوت دەکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکەدا و پێم وایە چارەسەری دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG