Accessibility links

لە شەڕێکدا لە ئیسلامئاباد ئەفسەرێکی پۆلیسی پاکستان و دوو چەکدار کوژران


بەرپرسانی پاکستان دەڵێن لە تەقەکردنێکدا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ئەفسەرێکی پۆلیس کوژراوە و دوو ئەفسەری دیکە برینداربوون.

شەوی دووشەممە دوو چەکدار بە ماتۆڕەوە تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی پۆلیس کردووە لە ئیسلامئاباد، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕە تەقەیەکی دەگمەن لە شارەکەدا.

پۆلیسی پایتەختی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەفسەرێکی پۆلیس شەهید بووە و دوو پۆلیسی دیکە برینداربوون." وتیشی دوو چەکدارەکە هەردووکیان کوژراون.

وەزیری ناوخۆی پاکستان فەرمانیکردووە لێکۆڵینەوەیەک لە ڕووداوەکە بکرێت، کە ئەمەش بە دزەکردنێکی دەگمەن دادەنرێت لە ئاسایشی شارەکەدا کە زۆر بە پتەوی پارێزراوە و دەیان باڵیۆزخانەی لێیە.

هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، پاکستان ڕووبەڕووی یاخیبوونی تاڵیبانی ناو پاکستان بوونەتەوە.

بەرپرسی باڵای پۆلیسی ئیسلامئاباد شاهید زەمان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ڕووداوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە."

تەهریکی تاڵیبان پاکستان بزوتنەوەیەکی جیایە و ڕەچەڵەکیان تاڵیبانی ئەفغانستانە.

ساڵی ڕابردوو پاکستان ڕایگەیاند مانگێک بەسەر پەیماننامەی نێوان وڵاتەکە و تەهریکی تاڵیبان پاکستاندا تێپەڕیوە، بەڵام لە 9 ی مانگی دوانزەدا دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی شکستیان هێنا، پەیماننامەکە بەسەرچوو.

بەرپرسانی پاکستان بەرپرسیارێتی سەدان هێرشی خۆکوژی و ڕفاندنیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا خستۆتە ئەستۆی تەهریکی تاڵیبان پاکستان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG