Accessibility links

ئارام جەمال: لە سایەی قەیرانە ئابوری و سیاسیەکاندا توندڕەو و سەلەفیەکان بەهێزبوون


بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی هەن کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵگە وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. هاوکات باڵادەستی وتار و تێڕوانینە پەڕگیرو توندڕەوییەکانی سەلەفییەکان و وتاربێژە توندڕەوەکان و ئیسلامییە پەڕگیرەکان بوونەتە جێی پرسیار و رەخنەی شارستانی. بەڵام بەبێ دەستخستنە سەر تەواوی کەمکوڕی و نەهامەتی و کوڵەکە شکستخواردووەکانی ژیانێکی شارستانی شایستە، مۆمکین نییە رەهەندە زیندووەکانی ئەو ئاستە ژیارییە بەرجەستەبکەین.

ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و چالاکوان ئارام جەمال دا سازکردووە.

ئارام جەمال لەبارەی چۆنێتی سودوەرگرتنی سەلەفییەکان و ئیسلامییە توندڕەوەکان لە قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان دەڵێت "ئەو ڕێگەخۆشکردنەی هێزە باڵادەستەکانی کوردستان بەهۆی ململانێی یەکترییەوە، بەهۆی ئەوەی کە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و سیاسی وایان نیە بۆ مرۆڤی کورد تێکڕا ئەمانە وایانکردووە کە ئەم هێزە سەلەفیانە بتوانن لە قەراغی شارەکاندا لەو شوێنە پەراوێزکەوتوانەدا زۆر زیاتر گەشەبکەن. دەرفەتیشیان دراوەتێ و مزگەوتەکانیان بۆ ئاوەڵا کراوە کە بتوانن لەوێوە وتاری خۆیان بگەیەننە خەڵکێکی زۆر، کەناڵی تەلەفیزیۆنیان هەیە، ئەمانە فاکتەرن بۆئەوەی کە سەلەفییەکان لەماوەیەکی کەمدا لەڕووی ژمارەییەوە ژمارەیان زیاد بکات."

هەروەها دەڵێت "ئەزمونی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆخۆی ئەزمونێکی شکستخواردوو و فاشیلە."

ئارام جەمال لەبارەی سەلەفییەکانیشەوە دەڵێت "لەهەرێمی کوردستاندا ئەزمونی سەلەفییەکان نەگەیشتۆتە ئەوەی کە لەڕووی کردەییەوە توندوتیژی بەکاربهێنن، بەڵام لەڕووی وتارەوە لەڕووی زمانەوە توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر هەموو پێشکەوتن و بەرامبەر هەموو ژیاندۆستییەک بەکاربهێنن و ژەهر بڵاوبکەنەوە."

لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن...

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:57 0:00

XS
SM
MD
LG