Accessibility links

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی دژی داعش: ئەبو بەکر ئەلبەغدادی هیچ کاریگەریـیەکی نەماوە


گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعش چیتر کاریگەری نەماوە، بە تایبەتی لەم کاتەی نزیکبووەتەوە لەوەی تەواوی چەکدارانی لەدەست بدات.

کۆلۆنێلی ئەمەریکایی شان ڕاین ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنانەوانان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە گوتی "بەغدادی خۆی کەسێکی زۆر چارەقورس بوو، وە ئێستاش هیچ ڕۆڵی نەماوە، بۆیە هیچ گوێ بەو لێدوانانە نادەین کە داعش بڵاویان دەکاتەوە."

گوتیشی" بەغدادی هەبێت یان نەبێت بۆ ئێمە هیچ نیـیە، ئەوەی ئێستا ئێمە سەنگی دەخەینەسەر تێکشکاندنی دوایـین هێزی داعشە."

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد داعش لە ئێستادا دوایـین کۆمەڵە چەکداری خۆی بەکاردەهێنێت، بۆیە هێرشی لەو جۆرانەیان پێ ئەنجام دەدات کە جێی سەرنج بن، ئەمەش تاوەکو وەها نیشانی بدات کاریگەری هەیە لە کاتێکدا وا لەوەدایە بە تەواوی لە ڕووی لەشکریـیەوە شکستبهێنێت.

شان ڕاین باسی لەوەش کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ئەوەی داعش لە دوایـین ناوچەی دێر زوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەدەرنێن.

جێی ئاماژەیە داعش چەند ساڵێک لەمەوبەر چەندان شار و شارۆچکەی گەورەی عێراق و سوریای لە ژێر دەستدا بوو، بەڵام ئێستا تەنیا چەند ناوچەیەکی بچوکی لە عێراق سوریا بەدەست ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG