Accessibility links

بەرزان فەرەج: رەوتی سەلەفی زۆر ترسناکترە لە داعش، سەلەفیەت تاکە دوژمنێکی سەرەکی جیهانە


بەپێی رای شارەزایان رەوتی سەلەفیەت و توندڕەوی ئیسلامی پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە لە گەشەکردن و بەرپاکردنی تۆڕێکی پەیوەندی بەرفراون و ئامادە بۆ دژایەتیکردنی بەها مرۆیی و شارستانییەکان. هاوکات تیرۆر پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لە کردەوەی رێکخراوو هەڵکوتانەوە بۆ کردەوەگەلی تاکەکەسی نادیاریکراو و تەمومژاویی، بەڵام ئەم کردەوە تیرۆریستییانەی ئەم دواییانەی ئەوروپا کۆمەڵێک پرسیاری گەورەی وروژاند هاوکات سەرلەبەری دەزگا ئاسایشی و پۆلیسی و هەواڵگیرییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی دنیاشی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەی رژد و خوێندنەوەی جیاوازەوە.

ئایا چ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی هەیە لەنێوان سەلەفییەکان و توندڕەوە ئیسلامییەکاندا لە خۆرئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا گەشەکردنی سەلەفیەت چ پەیوەندییەکی قوڵی هەیە بە داعش و دیاردەی تیرۆر لەجیهاندا؟ ئایا کۆمەڵگەی سەلەفی و توندڕەوە ئیسلامییەکان لەئەورپا و جیهاندا نەبونەتە مەترسی بۆ خودی ئەوروپا؟ ئایا سەلەفییەکانی کوردستان مەترسییەکی راستەقینەن بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی؟

لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و لێکۆڵەرەوە بەرزان فەرەجدا سازکردووە.

بەرزان فەرەج دەڵێت "ئێستا ئێمە لەبەردەدم قۆناغێکی تری رووبەڕووبونەوەی تیرۆریزمی ئیسلامیداین، کە ئەمە جۆرێکی تری خودکوژی ئیسلامی بێهودانەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی دنیا"

هاوکات سەبارەت بە سەنگی مەترسییەکە بەرزان فەرەج دەڵێت "داعش وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ئێستا لەدوای ئەو شکستە گەورانەی کە بەسەری هاتووە لەڕووی سەربازییەوە، لەگۆڕەپانی شەڕەکاندا؛ پانتاییەکی زۆری لە زەوی لەدەستداوە، ئەو دەوڵەتەی کە خەونی پێوە دەبینی؛ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، خەلافەتێکی ئیسلامی لە جیهاندا؛ ئەو خەونە شکستی هێناوە. خۆیان گەیشتونەتە ئەو حەقیقەتەی کە ئەم خەونانە نایەتە دی، بەتایبەتی رووبەڕووی رووبەڕوبونەوەیەکی سەختی رۆژئاوا بوونەتەوە کە رۆژئاوا لە گوتاری سیاسی سەرکردەکاندا بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە کە ئەمان دەیانەوێت داعش لەناوبەرن، واتە رێکخراوێکە لەبەرامبەر لەناوچووندایە بۆیە بەشێوەیەکی خودکوژانە و بێهودانە رووبەڕووی دنیا بونەتەوە".

هەروەها دەشڵێت "لەوە دەچێت داعش گوتارێکی نوێ پیادە بکات، ئەویش ئەوەیە ئازادکردنی هەموو لایەنگرانی خۆیەتی و کە هەموو ئەو کەسانەی کە ئیلهامێک لە داعش وەردەگرن؛ بەهەر شێوەیەکی هەڕەمەکی و کوێرانە و لەهەر شوێنێکی دنیادا بێت دەتوانن بە ئیمکانیاتێکی زۆر سادە زۆرترین رق و تۆڵە لەو شارستانییەتە بکەنەوە "

سەبارەت بە گوتاری نوێی ئەوروپاش بەرزان فەرەج دەڵێت"گوتاری تازەی ئەوروپا ئەوەیە کە دەڵێن دوژمنی شارستانیەتی رۆژئاوا و جیهان نەک تەنها داعشە بەڵکو ئیسلامی رادیکاڵ و ئیسلامی سەلەفیزمە و ئەمە مەترسیدارترە"

سەبارەت مەترسی لە داهاتووی سەلەفییەتیش دەڵێت "لەوە دەچێت خودی ئیسلامی سەلەفیزم ببێتە ئەو دایەنگەیەی کە پێویستی بەوە نەبێت تەنانەت رێکخراوی داعش پەیام بنێرێت بۆ لایەنگرانی خۆی کاری خودکوژی و کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن، هەر قوتابخانەی سەلەفیزمە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی دەیان و هەزاران تیرۆریست لەجیهاندا".

هەروەها دەڵێت "لەفەرەنسادا چەندەها مزگەوتی سەلەفی هەیە، کە مەزەندە دەکرێت و ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێداوە 50 تا 100 مزگەوتی سەلەفی هەیە لەفەرەنسا، کە ئەمانە بیروباوەڕی ئیسلامی توندڕەویی و سەلەفیزم بڵاودەکەنەوە".

سەبارەت بە ژمارەی سەلەفییەکان بەرزان فەرەج دەڵێت "سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا خۆی ئاماژەی پێداوە کە لەوە دەچێت نزیکەی 10.000 سەلەفی هەبێت لەفەرەنسادا".

سەبارەت بە ئاستی ترس لە سەلەفییەکان دەڵێت "رەوتی سەلەفی زۆر ترسناکترە لەداعش چونکە داعش و هەموو ئەو رێکخراوانە لەناو باوەشی ئەم رەوتەدا لەدایک دەبن"، "سەلەفیەت تاکە دوژمنێکی سەرەکی جیهانە".

هەروەها بەرزان فەرەج دەڵێت "سەلەفیزم بۆتە دایەنگە یاخود دایک یان بێشکەی پەروەردەکردنی رێکخراوەکانی وەک داعش و ئەو هەموو کارە خودکوژی و جیهادیانەی کە ئێستا لە جیهاندا بڵاوبونەتەوە و نازانرێت چەندین شانەی نوستوو هەیە لەجیهاندا".

لەڕێگەی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە دەبن....

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:51 0:00

XS
SM
MD
LG