Accessibility links

دەزگایەکی توێژینەوە: داعش چەک دروست دەکات کە لە ئاستی چەکی لەشکری وڵاتانە

  • VOA News

دەزگای توێژینەوەی تایبەت بە پـڕچەکـکردن لە شەڕەکاندا ناسراو بە Conflict Armament Research دەڵێت داعش چەک دروسـتدەکات کە لە ئاستی ئەو چەکانەیە لەشکری وڵاتان هەیانە.

دەزگاکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا دەشڵێت داعش بە هەمان شێواز و هەمان پـێوەر چەکەکانی لە سوریا و عێراق دروسـت دەکات، لەوانە ڕۆکێت و گولـلە خومپارە.

باس لەوەش دەکات داعش زنجیرەیەک ڕێگەی بەهێزی هەیە بۆ بەدەسـتهێنانی کەرەستەکان کە لە تورکیاوە دەیانهێنێت. ئەو چەکانەشی لێـیان دروست دەکات هێندە وردەکاریـیان تیاداکراوە کە ناکرێت بە چەکی دەسـتکردی خۆماڵی یان سەرەتایی ناودێربکرێن.

توێژەرەوانی دەزگاکە لە مانگی ڕابردوو سەردانی 6 شوێنی دروسـتکردنی چەکی داعشیان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ، بۆیان دەرکەوتووە داعش بە شێوازێـکی ئاڵۆزی پـیشەسازی و لە یەک ناوەندەوە چاودێری و سەرپەرشتی دروستکردنی چەکەکان‌ و چۆنیەتی عەمبارکردنیان کردووه.

دەشڵێن داعش بەر لە هێرشی سەر موسڵ دەیان هەزار ڕۆکێت و گولـلە خومپارەی دروسـتکردووە.

کاوە عومەر پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دوو هەفتە لەمەوبەر وێنەی کۆمەڵێـک لەو چەکانەی داعشی بۆ ناردین کە تیایدا نیشان دەدرێت بە هاوشێوەی دەزگای پـیشەسازی لەشکری سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن (هيئة التصنيع العسكري) لەسەر گولـلە خومپارەکان نووسرابوون.

XS
SM
MD
LG