Accessibility links

داعش و هێزە توندڕەوەکان سودیان لە گەندەڵی و نادادپەروەری وەرگرتووە


داعش و گوروپە توندڕەوەکان تێکڕا سودیان لە گەندەڵی و بە فیرۆدانی سەروەت و سامان و نادادپەروەری لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەگرتووە بۆ جۆشدانی خەڵک و لایەنگرانیان و وە دروستکردنی ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و حکومەتەکان.

ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی " یاری بەخت" بڵاویکردووەتەوە کە داعش سوودی لە گەندەڵی بینیووە بۆ توندڕەوکردن و ڕاکێشانی ئەندامی نوێ بۆ ناوی ڕیزەکانیان چونکە خۆی وەکو " دژە ژەهر" لەلای خەڵكی ناساندووە سەرەڕای ئەو چالاکیە نادروستانەش کە داعش ئەنجامیانداوە.

ڕێکخراوەکە ڕەخنەی لە حکومەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە نێویشیاندا ئەمەریکا و بەڕیتانیا گرتووە کە گەندەڵیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پشتگوێخستووە ، کە لە ئێستادا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی تیرۆر دادەنرێت.

کاسرین دیکسن بەڕێوەبەری ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرگری و ئاسایش لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە " کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ئادیۆلۆژیای گروپێکی وەکو داعش چڕکردووەتەوە و سەرنجیان خستووەتەسەر دروشمە ئاینیەکانی ئەو گروپانە، بەڵام بەتەواوی ئەو بارودۆخەیان پشتگوێخستووە کە هۆکاری سەرهەڵدانی گروپەکانبوون".

ئاماژەش بەوەکراوە داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان، گەندەڵی و واستەکاری و بەرتیلخواردنی دامودەزگاکانی حکومەتی وەکو پڕوپاگەندە بەکارهێناوە و ڕێکخراوەکە لەلای خەڵك خۆی بە جێگەی ئاسایش و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی نیشانداوە.

سەبارەت بەو راپۆپرتەو شیکاریی لەبارەیەوە بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان ئاسۆ جەبار میوانداری نوسەر و شرۆڤەکار عەزیز رەئوف کردووە.


عەزیز رەئوف دەڵێت "تا ئەم سەروەختە لەهەرێمی کوردستاندا دەرگاکانی و گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت هەمووی داخراون، وایکردووە کە گروپێک لەخەڵک پەنابەرنە بەر گوێگرتن لەپیاوی ئاینی، بڕوابکە خەڵکانێکی زۆر لەم شارەدا حەزدەکەن گوێ لەمەلا کرێکار و پیاوانی ئاینی توندڕەو بگرن".

سەبارەت بە کاریگەری گەندەڵیش دەڵێت "مادام لەشوێنێکدا گەندەڵی هەبێت بۆ نایەکسانی، بۆ فەرامۆشکردن؛ لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا چی دروستدەبێت، بێگومان گروپی وەکو داعش و ئەو گروپانەی کە بە لاڕێدا دەبرێن".

هەروەها دەڵێت "سەرکردەیەکی یەکێک لە حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان دەڵێت؛ ئەوە زانکۆیە کە لەموسڵ هەیە کە ئافرەتەکانی داپۆشراوە، کەی ئەوە زانکۆیە کە لای ئێمە هەیە".

هاوکات عەزیز رەئوف دەڵێت "لەئاستی سیاسیدا کۆمەڵگە جێهێڵراوە بۆ کۆمەڵێک هێزی توندڕەو ".

دەشڵێت "شارو شارۆچکەکان پڕبووە لە گروپە سەلەفییەکان".

لەم سەروبەندەدا عەزیز رەئووف پێیوایە "دەسەڵاتێک هەیە خەریکی گەندەڵییە وەک ئەوەی لەمیسر لە سەردەمی موبارەکتدا لەئارادابوو، لێگەڕێ کۆمەڵگەش جێبێڵە بۆ حیزبە ئیسلامییەکان و خۆشت لەسەرەوە چیدەکەی بیکە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:31 0:00

XS
SM
MD
LG