چه‌كدارانى داعش به‌شه‌وان هێزه‌كانیان به‌ماتۆڕ سێکلێت بهگوندهكانى باشورى كه‌ركوكدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه. هێزه عێراقیه‌كانیش ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆن لە دژی داعش دەکەن.
له‌چه‌ند شه‌وى رابردوودا ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى داعش كه دانیشتوانى گونده‌كان به 50 چه‌كدار و هێزه ئه‌منیه‌كان به‌دوو ئۆتۆمبێل چه‌كدار باسیدهكهن، چونه‌ته گونده‌كانى ناوچه‌ى ههفتهغارى باشورى كه‌ركوك، خۆراكیان كڕیوه وده‌نگى "ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر"یان بیستراوه.
ئیدریس عادل به‌رپرسى كۆمیته‌ى قه‌زاى داقوق ى باشورى كه‌ركوكى یه‌كێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"هێزه عێراقیه‌كان له ناو شار و جاده سه‌ره‌كیه‌كانن، گونده كوردنیشینه‌كان هیچ هێزێكى تێدا نیه بیانپارێزێت، بۆیه داعش شەوانە هاتوچۆ ده‌كات."
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه چونه‌ته ناوچه‌ى هه‌فته‌غار ئازارى هیچ كوردێكى گوندنیشینیان نه‌داوه، به‌ڵام سوراونه‌ته‌وه و بوونى خۆیان سه‌لماندووه. ئەو گوتى"په‌یوه‌ندیمان به‌هێزه عێراقیه‌كان كردووه بۆ پاراستنى گونده كوردنیشینه‌كان و ئێستا پۆلیسى فیدرالىیان بۆ ته‌نیشت گونده‌كان ناردووه."
ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوان و به‌سه‌دان گوندى باشور و رۆژئاواى كه‌ركوك هێزى عێراقى تێدا نیه، بۆیه داعش به‌و ناوچانه‌دا هاتوچۆ ده‌كات و ئه‌و ناوچانه‌ى كردۆته پێگه‌ى خۆى.
عه‌لى حسێنى وته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى لە میحوه‌رى باكورى عێراق به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ناوچه‌كانى باشورى كه‌ركوك و زه‌رگه هێزى كه‌م تێدایه، بۆیه داعش به‌شه‌وان ده‌رده‌كه‌ون و ده‌چنه گونده‌كان."
گوتیشى"به‌م نزیكانه ئۆپه‌راسیۆن له‌دژیان ئه‌نجام ده‌ده‌ین."
جم و جۆڵهكانى داعش لهدهوروبهرى كه‌ركوك هاوكاته له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق،كه هه‌ر له ئێستاوه هێزه ئه‌منیه‌كان رێوشوێنیان گرتۆته به‌ر تا نەهێلن داعش هەڵبژاردنەکان بە شێوێنن.