Accessibility links

لە ئەنجامی یاخیبوونی کۆنە ئەندامانی داعش لە ناو بەندیخانەیەکی تاجیکستان 32 کەس دەکوژرێن


دەسەڵاتدارانی تاجیکستان دەڵێن لە یاخیبوونێکی کۆنە ئەندامانی داعشدا لە ناو بەندیخانەیەکی نزیک دوشەنبەی پایتەخت 32 کەس کوژراون.

وەزارەتی دادی تاجیکستان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە کاژمێر 9:30 ی شەوی یەکشەممە یاخیبوونەکە دەستیپـێکرد لە نێو بەندیخانەی شاری وەحدەت کە نزیکەی 17 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختەوە دورە.

گوتیشی زیندانیکراوە یاخیبووەکان سەرەتا 3 پاسەوانی زیندانەکەیان کوشتووە و پاشان بە ئامانجی ترساندنی زیندانیکراوەکانی دیکەی بەندیخانەکە کە نزیکەی 1500 زیندانیکراو دەبن، یاخیبووەکان کۆمەڵێک زیندانیکراویان بە بارمتە گرتووە و 5 زیندانیکراویشیان کوشتووە. دواتر ئاگریان بەرداوەتە بەشی خزمەتگوزاری تەندروستی نێو بەندیخانەکە و هەوڵی هەڵهاتنیان دابوو، بەڵام هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و 24 کەسیان لێکوشتوون و 35 کەسی دیکەیان دەسـتگیرکردوون و بارمتەکانیان ڕزگارکردووە.

کاربەدەستانی تاجیکستان دەڵێن بەهروز گولمورۆد تەمەن 20 ساڵ یەکێک بووە لە یاخیبووەکان کە کوڕی گولمورۆد حەلیمۆڤە، ئەوەی ئەفسەرێکی هێزی تایبەتی تاجیکستان بوو و لە ساڵی 2015 پەیوەندی بە داعشەوە کرد و لە مانگی نۆی ساڵی 2017 لە سوریا کوژرا.

بەهروز لە مانگی حەوتی 2017 حوکمی 10 ساڵ زیندانی درا بە تاوانی هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە لە سوریا. کاربەدەستان ئاشکرایان نەکردووە ئایە ناوبراو لە ڕووداوەکەدا کوژراوە یان نا.

جێی ئاماژەیە دەزگا هەواڵگریـیەکان مەزەندە دەکەن بە سەدان تاجیکی پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبێت.

XS
SM
MD
LG