Accessibility links

داعش دەڵێت کوڕی ڕێبەرەکەی کوژراوە


شاری حومس

داعش ڕایگەیاند یەکێک لە کوڕەکانی ئەبو بەکر ئەلبەغدای ڕێبەریان لە هێرشێکدا لە پارێزگای حومسی ناوەندی سوریا کوژراوە.

میدیاکەی داعش ئەوەی بە ئەعماق ناسراوە، شەوی سێشەممە لەسەر ئنتەرنێت بڵاویکردەوە حوزەیفە ئەلبدری لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداریان هێرشێکیان لە حومس ئەنجامداوە و لە ئاکامدا کوژراوە. هەروەها وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا جلوبەرگی ئەفغانی پـۆشیوە و کلاشینکۆفێکی بەدەستەوەیە.

ئەعماق دەشڵێت ئەم کوڕەی بەغدادی لەگەڵ ژمارەیەک چەکداریان هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە حومس کە دەکەوێتە 30 کیلۆمەتر لە باشوری شارەکەوە. دەڵێت بە دەستی عەلەوی و ڕووسەکان کوژراوە.

جێی ئاماژەیە کاربەدەستێکی عێراق لە مانگی پـێنج گوتی ئەبو بەکر ئەلبەغدای، ئەوەی چەند جارێک هەواڵی کوژرانی بڵاوکراوەتەوە، هێشتا زیندووە و بە نهێنی تەنیا لەگەڵ چوار یان پـێنج کەس هاتوچۆ دەکات. گوتیشی کوڕەکەی و زاواکەی دوو لەو کەسانەن کە لەگەڵیدان.

ڕووسیا لە مانگی شەشی ساڵی 2017 ڕایگەیاند کەوا لەو بڕوایەدایە بەغدادی لە کۆتایی مانگی پـێنجی هەمان ساڵ لە نزیک ڕەققە کوژرابێت. بەڵام پاش سێ مانگ کاربەدەسـتێکی ئەمەریکا گوتی پـێدەچێت هێشتا بەغدادی زیندووبێت و خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا حەشاردابێت.

XS
SM
MD
LG