Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 150 چەکداری داعش ڕادەستی عێراق دەکەن


کاربەدەستانی لەشکری و بەڕێوەبەریی لە عێراق دەڵێن هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 150 چەکداری داعشیان ڕادەستی لەشکری عێراق کردووە کە بەشێکی زۆریان عێراقین.

دوو سەرچاوە لە لەشکری عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ڕادستکردنی ئەمانە بەپـێی ڕێکەوتنێکە بۆ ڕادەستکردنی 502 چەکداری داعش بە بەغدا.

ئەفسەرێک بە پـلەی عەقید لە لەشکری عێراق کە یەکەکەی لەسەر سنووری سوریایە، گوتویەتی زۆربەی ئەو چەکدارانە عێراقیـین و هەندێک کەسی بیانیان لە نێودایە.

هاوکات کاربەدەستێکیش هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس پشتڕاستکردووەتەوە و گوتویەتی چەکدارە دەسـتگیرکراوەکان بەرەو شوێنێکی پارێزراو براون و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپـێکردووە.

لە لایەکی دیکە ئەحمەد ئەلمحەلاوی قایمقامی شارۆچکەی قائم گوتی هەندێک لە خێزانی چەکدارەکانی داعشیش ڕادەستی عێراق کراونەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە 10 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر کە چەکدار و خێزانی داعشیان تێدابووە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕادەستی لەشکری عێراق کراون و لە ژێر چاودێریـیەکی توندی ئاسایشیدا براون بەرەو هەردوو بنکەی لەشکری جەزیرە و بادیـیە لە پارێزگای ئەنبار.

XS
SM
MD
LG