هێرشێکی خۆکوژی دەکرێتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی یەپەگە لە شاری ڕەققەی باکوری سوریا و بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە لایەنی کەم 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکە برینداربوون.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکان پاش نێوەڕۆی دووشەممە خۆکوژێکی داعش چووەتە سەر بنکەیەکی یەپەگە لە جادەی نوری شاری ڕەققە و بە کڵاشینکۆف تەقەی لەو کەسانە کردبوو کە لە بەردەم خاڵی پـشکنینی بنکەکەدا بووبوون و لە ئاکامدا 4 کەسی سیڤیل و شەڕڤانێک گیانیان لەدەستداوە. پاشان خۆکوژەکە چووەتە ناو بنکەکە و لەوێ خۆی تەقاندووەتەوە و ژمارەیەک برینداربوون.
داعش لای خۆیەوە بەرپـرسیارێتی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت 17 کەسی کوشتووە یان بریندارکردووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی نزیکبوونەتەوە لە ڕزگارکردنی تەواوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە دەستی داعش.