Accessibility links

ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم ده‌ستگیر کردنی گروپێکی تیرۆرستی داعش و چه‌ند تیرۆرستێکی له‌ سه‌یدسادق و هه‌ڵه‌بجه‌ راگەیاند


دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی 2-1-2021 له‌ ناوچه‌ی به‌رده‌ڕه‌شی سه‌ربه‌قه‌زای سه‌یدسادق، ئاڵایه‌کی چه‌کدارانی داعش که‌ په‌یوه‌ست کرابوو به‌ چه‌ند بۆمبێکه‌وه‌ و له‌کاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی دا یه‌کێک له‌ بۆمبه‌کان ته‌قیه‌وه‌ و دوو کارمه‌ندی یاریده‌ده‌ریه‌تی ئاسایشی سه‌یدسادق بریندار بوون، ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکدا ده‌ستگیر کردنی گروپه‌که‌ی داعشی راگه‌یاند و ئاماژه‌ش به‌ده‌ستگیرکردنی دوو تیرۆرستی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دەکات و ڕاگەیەندنێک بڵاو دەکاتەوە کە تیایدا وردەکاری ڕووداوەکەو دەستگیرکردنەکان دەخاتەڕوو.

دەقی بەیاننامەکەی دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن دەستگیردەکەن و پیلانێکی گروپێکی تیرۆریستی داعش لەناوچەکە ئاشکرادەکەن ، کە مەرامیان بوون چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.


هەر پەیوەست بەم پیلانە، شەوی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دوو تیرۆریستی بە ڕەگەز عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیرکران .


پاش ئەوەی رۆژی ٢٥ / ١٢ / ٢٠٢٠ لە نزیک گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەکی ( قەزای شارەزوور - دەربەندیخان ) ئاڵایەكی داعش ھەڵکرا ، لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ژورێکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، پێکھێنراو راستەخۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکرد و چەندتیمێک دەستبەکاربوون .

ئەوەبوو لەھەمان کاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ، دوای یەک ھەفتە لەڕۆژی( ٢ / ١ / ٢٠٢١ ) لەنزیک گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیک گوندی کانی سپیکەی پەرخ ، ئاڵایەکی تری تیرۆریستانی داعش بەھەمان شێوەی ئەوەی تر ھەڵکرابوو ، کە لەژێرەکەیدا عبوەی پێوەلکێنرابوو . لەکاتی ھەڵگرتنەوەیەدا دووکارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .

لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و بەدوو ئاڕاستە ، دوو تیمی لێکۆڵینەوەو سەربازی دەستبەکاربوون ، لەلایەک زانیاری کۆدەکرایەوە ، لەھەمانکاتیشدا کیوماڵی سنورەکەدەستپێکرد .

پاش چەندرۆژێک ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ( ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەکی نەنستوی تیرۆریستی داعش ئاشکراکران و ئەندامەکانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانکراو خرانە ژێرچاودێری ورد .

رۆژی ٢٤ / ١ / ٢٠٢١ پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز ، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، جوڵە بەھێزەکانی ئاسایش کراو لەچەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەر سێ تیرۆریست ( ج - ع ) و (ع - ع ) کەھەردووکیان برابوون لەگەڵ ( ع - ع - ح ) دەستگیرکران کە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون .
کە مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ، چەند شوێن و جێگایەکی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە .

بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو ، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و ، لەئۆپراسیۆنێکدا رۆژی ٢٨ / ١ ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیراکراو ، لەھەمان رۆژ بەتاوانی ھاوبەش ، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج - م ) دەستگیرکران ، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی ( ب . ک ) و دوو خوشکی بەناوەکانی ( ب.ع / ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر ھەموو ئەو کەرەستەو کەلوپەل و پێداویستییانەی بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو.

ناسنامەی تیرۆریستان

- تیرۆریستی ج - ع و ع - ع کوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن - کە ئەندامی رێکخراوی القاعیدە بوو وە ، و یەکێک بووە لە چەکدارەکانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام ) لە ناوچەی ھەورامان ،لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی ٢٠٠١ بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردەوساڵی ٢٠٠٣ دوای راودونانیان ھەڵھاتوون بۆ دەرەوەی سنوری ھەرێم ، و لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی تیرۆریستی .

تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی ٢٠١٥ لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێک ھەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج - ع ) لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەکی نەنستوی داعش دروستبکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکە ئەنجامبدەن .

هەر لە میانەی بەدواداچوونەکانماندا، شەوی ٣\4 2/2021 دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیکەی عەرەبیان دەستگیرکرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین .

لەبارەی ئەم کەیسەوە ، رەوتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ھێزەکانمان بەردەوامە و ، لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەکان ، چەندین بەڵگەو دیکۆمێنتی تر بەشاراوەیی ھێڵراونەتەوە .
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان -یش دڵنیادەکەینەوە دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەرک و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی ، کە شەونخون بێت و گیانی ھێزەکانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەھەرێمەکەماندا ، تا ھەموولایەک بە ئارامی ژیان بەڕێبکەن و سەروماڵی ھاووڵاتیان پارێزراوبێت .
لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیا ،چەندین پیلانی تیرۆریستان لەھەرێم شکستیپێھێنراو ئەندامەکانیان دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکراونەتەوە ، لەناوچەدابڕێندراوەکان و شارەکانی عێراقیش ھەماھەنگ و ھاوکاری بەردەوامی ھێزەعێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتین ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانیان .

وەک ھەمیشە سوپاس و پێزانینی دەزگای ئاسایش بە ھاووڵاتیان ( کەسوکارمان ) و خەڵکی خۆمان دەگەیەنین ، کەھەمیشە ھاوکارو ھەماھەنگ بوون لەسەرخستنی ئەرکەکانماندا و شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆریستان کە مەرامیانە ژیان لەھەرێمەکەمان تێکبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی کەلەپاش کەمتر لەیەک مانگ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییەو گروپێکی شانەی نەنستوی داعشیان ئاشکراکرد و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد و رادەستی یاساو قانوونیان کرد .
ھەرشادو سەرفرازبن

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG