داعش لە گوندە عەرەبنشینە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە هەڵمەتێكى بۆ كوشتن و ڕفاندنى ئەو عەرەبانە دەستپێكردووە كە گومان دەكرێت هاوكارى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەكان بكەن.
محەمەد عومەر بەرپرسى كۆمیتەى قەرەتەپەى یەكێتى، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"سەرجەم ئەو گوندنشینە عەرەبانەى كە داعش دەیانكوژێت و دەیانڕفێنێت پەیوەندیان لەگەڵ هێزە كوردیەكاندا هەیە."
لە ماوەى مانگى ڕابردوودا داعش لە گوندى مەعدانى حەمرین لەیەك شەودا 5 كەسى عەرەبى گولـلەبارانكرد و دواتریش چەندین گوندنشینى ترى كوشتووە و ڕفاندووە.
موقەدەم جەلیل محەمەد فەرماندەى پـێشمەرگە لە ناوچەى سەعدیەى پارێزگاى دیالە ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داعش لە نێو گوندە عەرەب نشینەكانى پارێزگاى دیالەدا خەڵكیان ڕاسپاردووە بۆ دەستنیشانكردنى ئەو كەسانەى كە هاوكارى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان دەكەن."
هەڵمەتى داعش بۆ كوشتن و ڕفاندنى گوندنشینە عەرەبەكان هەرچەندە هێزەكانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكانى توڕە كردووە ، بەڵام پێیانوایە ئەستەمە بەر بەو كارانەى داعش بگیرێت بەو پێیەى كوشتن و ڕفاندنەكان لەلایەن مەفرەزە چەكدارى گەڕۆكەوە ئەنجام دەدرێن.