چەکدارانی داعش لە نەتەوەی ئۆیگوری چین لە عێراقەوە هەڕەشەیان لە وڵاتەکەیان کردووە و دەڵێن ڕووباری خوێن لەو وڵاتە هەڵدەسێنن.
چەکدارەکان لە ڤیدیۆیەکدا کە ماوەکەی 28 خولەکە و لەلایەن لقی فوراتی داعشەوە بڵاوکراوەتەوە، بە شانوباڵی داعش و ڕێبەرەکەی هەڵدەدەن و هەڕەشە لە چین دەکەن.
لە ڤیدیۆکەدا کە بەشێکی چەکدارەکان منداڵن، چەند کەسێـک بە شێوەی دڕندانە دەکوژن.
یەک لە چەکدارەکان بەر لەوەی کەسێـک بە قەمە سەرببڕێت هەڕەشە لە چین دەکات و دەڵێت"ئەی چینیـیەکانی لە زمانی خەڵک تێناگەن، ئێمەی سەربازانی خەلافە دێین و لە تۆڵەی موسڵمانان بە زمانی چەک ڕووباری خوێن لە نێوتاندا هەڵدەسێنین."
چەکدارێکی دیکەیان هەڕەشە دەکات و دەڵێت ئاڵای داعش لە ئەمەریکا و چین و ڕووسیا بەرزدەکەنەوە.
وەزارەتی ئاسایشی چین لە ساڵی 2015 ڕایگەیاند زیاتر لە 100 ئۆیگوری بەرەو تورکیا و سوریا و عێراق ڕۆیشتوون بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە گروپە توندڕەوەکانەوە.
جێی ئاماژەیە ئۆیگور نەتەوەیەکی کەمینەن لە چین و بە ڕەچەڵەک تورکن و لە ناوچەی شینگیانگن لە باکوری ڕۆژئاوای چین. ژمارەیان زیاتر لە 10 ملیۆنە و موسڵمانی سووننەن.