تۆنی ئابۆت سەرۆک وەزیری ئوسترالیا داوای لە وڵاتانی ناوچەی ئاسیا- پاسفیک کرد یارمەتی بدەن لە نەهێشـتنی ڕێکخراوی داعش کە بووەتە جێی مەترسی نەک بۆ عێراق و سوریا، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان.
بەڕێز ئابۆت ڕۆژی پـێـنجشەممە لە دەسـتپـێـکی کۆنگرەیەکی هەرێمی لە شاری سیدنی ئوسترالیا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی کێشەکە هەر ئەوە نیـیە تێرۆرێـکە بووەتە مایەی مەینەتی لە ناوچەیەکدا، بەڵکو تێرۆرێـکە خواستی لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا هەیە.
سەرۆک وەزیری ئوسترالیا هەروەها لەو کۆنگرەیە کە وەزیران و نوێنەری 30 وڵات لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئنتەرنێت، وەکو فەیسبوک و تویتەر و گوگڵ تیایدا بەشداری دەکەن، داوایکرد ڕێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیـیە توندڕەوەی بووەتە هۆکاری چوونی هەزاران شەڕکەری بیانی بۆ عێراق و سوریا. گوتی تاکە ڕێگەی کاریگەر ئەوەیە خەڵکی قایل بکرێن تێرۆر سوودی نیـیە.
سەرۆک وەزیر ئابۆت گوتیشی ناکرێت وتووێژ لەگەڵ گروپێـکی وەکو داعشدا بکرێت و تەنها ڕێگە شەڕکردنێتی.
جێی ئاماژەیە کۆنگرەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و یەکێـک لە بابەتەکانی لە کارنامەکەیدایە چۆنێتی هاوکاریکردنە لە نێوان تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵی سـیڤیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکان.