Accessibility links

کۆمیتەی CPJ داوا لە کاربەدەستانی عێراق دەکات دەستبەرداری فەرمانی ڕاگرتنی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی بن


کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان CPJ ڕۆژی چوارشەممە داوای لە کاربەدەستانی عێراق کرد دەستبەرداری فەرمانی ڕاگرتنی بەرنامەی " لەگەڵ مەلا تەڵاڵ" بن و ڕێگە بە کەناڵی تەلەفزیۆنی UTV بدەن ئازادانە بەرنامەکانی پەخش بکات.

لە میانەی پەخشی بەرنامەی "مع ملا طلال" دا ڕۆژی دووشەممە 4 ی مانگی چوار، پێشکەشکاری بەرنامەکە ئەحمەد مەلا تەڵاڵ میوانداری ئەکتەری عێراقی ئەیاد ئەلتائی کرد کە جلوبەرگی ئەفسەرێکی سەربازی بە پلەی عەمید لەبەر کردبوو. پێکەوە پێشکەشکار و ئەکتەرەکە گفتوگۆیەکی تەنزئامێزیان ئەنجام دا سەبارەت بە دەنگۆی فرۆشتنی پۆستە باڵاکان لە ناو لەشکر و لە وڵاتەکەدا و هەروەها خواردنی پارەی حکومەت.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵیـیەکان و فەرمانی هەڵپەساردنەکە و ڕاگەیاندنی کەناڵی UTV و ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، ڕۆژی دواتر دامەزراوەی فەرمی حکومەت بۆ کاروباری ڕێکخستنی پەیوەندی و ڕاگەیاندن بەرنامەی " لەگەڵ مەلا تەڵاڵ"ی ڕاگرت بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە لەشکر".

بەپێی تویتێکی کەناڵی UTV، لە دوای فەرمانی ڕاگرتنەکە، بەرنامەکە ڕاگیرا.

شەریف مەنسور، ڕێکخەری کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە واشنتنی پایتەخت
شەریف مەنسور، ڕێکخەری کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە واشنتنی پایتەخت

شەریف مەنسور، ڕێکخەری کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە واشنتنی پایتەخت ڕایگەیاند "دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق ئەوە بزانن کە ڕۆژنامەوانان و میدیاکان مافی ئەوەیان هەیە بابەتی ڕەخنەئامێزیان هەبێت بۆ لەشکری وڵاتەکە. وتیشی پێویستە کۆمسیۆنی ڕێکخستنی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی عێراق دەستبەرداری بڕیاری هەڵپەساردنی بەرنامەی )لەگەڵ مەلا تەڵاڵ( بێت و دڵنیایی بدات کە ڕۆژنامەوانان دەتوانن بەبێ ترس لە تۆڵەکردنەوە بابەتی گرنگی هەواڵ تاوتوێ بکەن."

وەزارەتی بەرگری عێراق ڕۆژی دووشەممە لەسەر فەیسبوک ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی بەشە تەنزئامێزەکەی بەرنامەکە زیان بە ناوبانگی تەواوی لەشکری عێراق دەگەیەنێت و هەموو قوربانیـیەکانی دەسڕێتەوە. ئەلتائیشی تۆمەتبارکرد بەوەی خۆی کردووە بە ئەفسەر. ڕەخنەشی لە کەناڵەکە گرت کە بینەرانی ئاگادار نەکردووەتەوە ئەو کەسەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرێت ئەفسەرێکی ڕاستەقینەی لەشکری عێراق نیـیە.

فەرمانی ڕاگرتنی بەرنامەکە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگری سکاڵایەکی تۆمار کرد و بەشێک لە بەرنامەکەی وەسفکرد بە سووکایەتییەکی ئاشکرا بە لەشکری عێراق و هەموو ئەندامەکانی، وە جێی هەڕەشەیە بۆ سەر یەکگرتوویی لەشکر، وە هاندان و وتاری ڕق و کینەیە لە دژی لەشکر. هەروەها فەرمانەکە داوایکرد بەرنامەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی UTV لاببرێت و کەناڵە تەلەفیزییۆنەکە داوای لێبوردن لە لەشکر بکات.

لە 6 ی مانگی چوارەوە، ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی " لەگەڵ مەلا تەڵاڵ" لە ماڵپەڕی کەناڵەکە و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانی دەرناکەوێت.

تەڵاڵ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی داوای لێبوردن ناکات وە عێراق لە قۆناغی گەندەڵی و شکستەوە چووەتە قۆناغی گەندەڵی و شکست و دەمداخستن و دیکتاتۆریەت وە ئەوەی بەڕێوەیە لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتەکان تەلەفیزیۆنی UTV لەلایەن کوڕی سیاسەتمەدار خەمیس خەنجەرەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەرنامەی "لەگەڵ مەلا تەڵاڵ" بەرنامەیەکی هەفتانەیە کە زۆر جار چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەواڵی ڕۆژانە و سیاسەتی عێراق و پەخشکردنی زنجیرەکانی ڕۆژانە لەوانە بەرنامەی تەنزئامێز.

کەناڵی UTV لە ڕاگەیاندنەکەی 5 ی مانگی چوار دانی بەوەدا نا بەرنامەکە هەڵەی کردووە لەوەی ئاماژەی نەکردبوو ئەوەی پیشان دەدرێت نواندنە و ڕاستی نیـیە. بەڵام وتیشی بڕیاری هەڵپەساردنی بەرنامەکە بڕیارێکی هەڕەمەکیانەیە و جێی قبوڵ نیـیە، دەڵێت چونکە هیچ هاندانێک بۆ توندوتیژی و ڕق و کینەی تێدا نیـیە و هەواڵی ناڕاستی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکو ڕەخنەئامێز و تەنزئامێزە.

کۆمیتەی CPJ دەڵێت ئیمەیڵێکی بۆ لیژنەی کاروباری ڕێکخستنی پەیوەندی و ڕاگەیاندنەکانی عێراق و وەزارەتی بەرگری عێراق ناردووە بۆ لێدوان لەم بارەیە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە.

سەرچاوە: کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەوانان

XS
SM
MD
LG