Accessibility links

عێراقیـیەک لە سوید زیندانی دەکرێت لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی لەگەڵ پارچە لاشەی داعش


دادگایەکی سوید بڕیاری زیندانیکرنی بۆ عێراقیـیەک دەرکردووە بە تۆمەتی ئەنجامداتی تاوانی جەنگ، ئەمەش پاش ئەوەی تۆمەتبارەکە وێنەی خۆی لەگەڵ پارچە لاشەی داعش لەسەر فەیسبوک بڵاوکردبۆوە.

دادگای ناوچەی بلێکینگ Blekinge ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانی کرد ڕائد عەبدولکەریم تەمەن 24 سـاڵ کە سەربازێـکی پـێشووی لەشکری عێراقە، بۆ 6 مانگ زیندانی بکرێت، لەسەر تاوانی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی لە فەیسبوک لەگەڵ تەرمی پارچە پارچەکراوی چەکدارانی داعش لە مانگی حەوتی ساڵی 2015. لە یەکێـک لە وێنەکاندا کەلە سەرێـک لە نێو قاپـێـک دانرابوو. هەروەها چەندین وێنە لەگەڵ تەرمی بێ سەر لە فەیسبوکەکەی داناوە.

ناوبراو هەر ساڵی 2015 گەیشتووەتە سوید و داوای مافی پەنابەری کردووە. بەڵام دواتر لەسەر دزی حوکمی 42 مانگ زیندانی درا، هەر بەو هۆیەشەوە پـۆلیس سەیری فەیسبوکەکەی کردووە و ئەو وێنانەیان بینیبوو.

هەروەها دادگاکە بڕیاری داوە ناوبراو لە پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە سوید دەربکرێت و هەتا ساڵی 2026 بە هیچ شێوەیەک بۆی نیـیە پـێ بخاتەوە سوید.

یاساکانی سوید و ڕێکەوتنـنامەی جنێڤ هەموو کەسێـک بە تاوانکار دادەنێن ئەگەربێت و تەرمی هەر کەسێـک بشێوێنێت یان سووکایەتی پـێوە بکات.

XS
SM
MD
LG