Accessibility links

نەوجەوانێـکی بە ڕەچەڵەک عێراقی هەوڵی تەقاندنەوەی بۆمب لە بازاڕێکی ئەڵمانیا دەدات


بەپـێی دەزگا ئاسایشیـیەکانی ئەڵمانیا نەوجەوانێـکی بە ڕەچەڵەک عێراقی کە تەمەنی 12 ساڵە هەوڵی داوە دوو بۆمب بتەقێنێتەوە لە شارۆچکەی لودفیجشافنی ڕۆژئاوای وڵاتەکە کە تیایدا گەورەبووە.

پـۆلیس دەڵێت بۆمبێـکی پـڕ لە بزماری دروسـتکردبوو و لە ناو جانتایەکی پشـتدا دایناوە و لە 26 ی مانگی یازدە لە بازاڕێـکی دیاریـیەکانی کرسمس جێهێشتووە، بەڵام نەتەقیوەتەوە. لە 5 ی مانگی دوازدەش بۆمبێـکی لە نزیک بینای شارەوانی داناوە، بەڵام کەسێـک بینیویەیتی و پەیوەندی بە پـۆلیسەوە کردووە و بۆمبەکە پـوچەڵکراوەتەوە.

گۆڤاری فۆکسی ئەڵمانی ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت سەرچاوە ئاسایشیـیەکان گوتویانە ئەم کوڕە هەرچەندە لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، بەڵام مێشکی بە بیروبۆچوونی توندڕەوی پـڕکراوە. باسیشیان لەوە کردووە گومانیان هەیە کەسێـکی سەر بە داعش کە نازانن کێـیە ڕێنمایی کردبێت.

گوڤارەکە دەشڵێت بەڵگە هەن لە هاوینی ڕابردوو هەوڵی دابوو بەرەو سوریا بڕوات هەتا پەیوەندی بە چەکدارانەوە بکات.

گوتەبێژی داواکاری گشتی فیدراڵی لە کارلسروهە پـشتڕاستی کردەوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا دەکرێت، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات لەبارەی ئایا داعش پەیوەندی بە مەسەلەکە هەیە یان نا.

هوبەرت شتوبەر داواکاری گشتی ناوی کوڕەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی لە ساڵی 2004 لە هەمان شارۆچکە لەدایکبووە و تەمەنی هی ئەوە نیـیە تاوانباربکرێت. گوتیشی دەزگای کاروباری کۆمەڵایەتی بایەخی پـێدەدەن، جەختی لەوەش کرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن هەتا بۆیان ڕوون ببێتەوە ئایا هیچ کەسێـکی دیکە لە پشـت مەسەلەکەوە هەیە یان نا.

XS
SM
MD
LG